کچە قوتابییەکی خەڵکی شاری پاوە لە بواری بیرکاری سەرکەوتنێکی نێونەتەوەیی وەدەست هێنا.
کیانا عەبدوڵڵاهیفەر قوتابی پۆلی شەشی سەرەتایی و تەمەن ١١ ساڵ توانی لە کێبڕکێیەکی لێکدانەوەی بیرکاری لە نێوان ١٠٠ قوتابی کە لە وڵاتی مالیزی بەڕێوەچوو، پلەی یەکەم وەدەست بهێنێ و، میداڵی ئاڵتۆنی لە گەردەن کرد.
کیانا عەبدوڵاهیفەر خەڵکی شاری پاوە هەر بەمنداڵییەوە کچێکی زەین کراوە و وریا بوو، ئێستاش وەکوو قوتابییەک دەتوانێ لە کەمترین چرکە لێکدانەوەی بیرکاری بکات .
گرتە ڤیدیۆیەک لەو کیژۆڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە کە پێشوازی زۆری لێکرا و دەرخەری لێهاتوویی ئەو کچە کوردەیە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە کە ئەمساڵ بژاردەیەکی دیکەی کورد بەناوی کۆچەربیرکار خەڵاتی “فیڵدز”، کە گەورەترین خەڵاتی جیهانییە لە بواری بیرکاری، وەدەست هێنا.