وەزیری دەرەوەی ئاڵمان ڕایگەیاند کە یەکیەتیی ئورووپا، درێژەپێدانی تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئێران، هەڵسوکەوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سووریە و چالاکییە سیخوڕییەکانی ئەو وڵاتە لە وڵاتانی ئورووپایی قبووڵ ناکات.
“هایکۆ ماس” وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، رۆژی دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاویی، لە کاتی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لە گەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپادا گوتی” ئێمە دەبێ لە سەر کردەوە و دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتی سووریە، بەرنامەی مووشەکە بالستیکەکانی ئەو وڵاتە و چالاکیی باندە سیخوڕی و جاسووسییەکانی لە وڵاتانی ئورووپایی لە گەڵ دەوڵەتی ئێران گفتوگۆ بکەین.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاڵمان، هایکۆ ماس لە درێژەی قسەکانیدا گوتی کە باسکردن لەو تەوەرانە بۆ ئێران هەواڵێکی ناخۆشە و مادام ئێمە هاوڕا نیین لە گەڵ ئەو کردەوانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیزنیش نادەین کە ئەو ئاڵوگۆڕانە هەروا درێژەیان هەبێ و بەردەوام بن.
شایانی باسە کە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئێران لە حەوتووی ڕابردوودا و پێشێلکردنی بڕیارنامەی شووڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتوەکان و دانپێدانانی ئێران بەوە تاقیکردنەوە نوێیە، وڵاتانی ئورووپایی زیاتر لە جاران نیگەران کردووە، چونکە بەپێی ڕاپۆرتی کارناسان، ئەو مووشەکان دەتوانن بەشێک لە خاکی وڵاتانی ئورووپایی بپێکن.
هەر لەو پێوەندییەدا ئەمریکا و وڵاتانی دژبەری ئێران داوایان لە هەموو وڵاتان کرد کە کردەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم بکەن و ڕێگە نەدەن لە سەر ئەو تاقیکردنەوە مووشەکیانە بەردەوام بێ. ئەو تاقیکردنەوە مووشەکییە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئورووپایی بە پێچەوانەی سەپاندنی گەمارۆ تازەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لە بیری ڕێگە چارەسەرێک دابوون بۆ بازرگانی کردن لە گەڵ ئێران. تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک و دەستێوەردانەکای ئێران لە سووریە و پشتیوانیی لە گرووپە تێرۆریست و توندئاژۆکانی ناوچەکە و بەردەوامی بە تێرۆری دژبەرانی ڕێژیم لە ئورووپا و چالاکیی باندە جاسووسییەکانی لەو وڵاتانە، بۆتە هۆی نیگەرانی کاربەدەستانی وڵاتانی یەکیەتی ئورووپا و واوێدەچێ کە ئێران لە لایەن ئورووپاییەکانەوە لە گەڵ تەنگژیەکی تازە بەرەوڕوو بێتەوە.