حەیدەرعەبادی شەوی یەکشەممە ١٨ی سەرماوەز لە وتووێژێکدا لە گەڵ تەلەڤزیۆنی ” ئەلشەرقییە” ئاماژەی بەوەدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەیهێشت بۆ جاری دووهەم ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئێمە بۆ خاتری پاراستنی بەرژەوەندی گەلەکەمان پێڕەوی لە گەمارۆکان دەکەین، پشتیوانیان لێناکەین بەڵام جێبەجێیان دەکەین.
عەبادی لە وەڵامی پرسیارێکی پێشکەشکاری تەلەڤزیۆنەکەدا پێی لەوەنا کە بەهۆی دەربڕینی ڕاو و بۆچوونەکانم لە پێوەندی لە گەڵ گەمارۆکان، ئێران بۆ بە کۆسپ لە بەردەم هەڵبژاردنەوەم بە سەرۆک وەزیران.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا گوتی: بە بوونی من وەک سەرۆکوەزیران، بەرژەوەندییەکانیان دەکەوتە خەتەر هەر بۆیە پشتیوانیان لە من نەکرد.
لێدوانەکانی عەبادی لە بارەی پێبەندبوون بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بوو بە هۆی ئەوەی کە لەگەڵ دژکردەوەی توندی ئێران بەرەوڕوو بێتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا دەوڵەتی ڕووحانی سەفەری لەپێشدا دیاریکراوی عەبادی هەڵوەشاندەوە کە قەرار بوو لە ڕۆژی ٢٣ی گەڵاوێژ بچێتە تاران.
” حشمتوڵڵا فەلاحت پیشە” ڕۆژی ٢٧ی گەلاوێژ بە ئاماژە بە بڕیارنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند، عێراق دەبێ بەپێی بەندی ٦ی بڕیارنامەی شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتوەکان خەسارەتی شەڕ بدات.
باڵوێزی ئێران لە بەغدا لە پێوەندیی لە گەڵ قسەکانی عەبادی ڕایگەیاند کە قسەکانی ناوبراو بەو مانایە نییە کە بە کردەوە ئەم قسانە جێبەجێ بکرێ.
عەبادی لە پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتی عادل عەبدولمەهدی ڕایگەیاند کە ئێران بۆتە کۆسپی بەردەم دەوڵەتەکەی ناوبراو و گوتی کە تەواو نەبوونی کابینەی تازەی دەوڵەت پێوەندی بە ئێرانەوە هەیە.
هێزە عێراقییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ” فالح فەیاز” یان بۆ پۆستی وەزارەتی نیوخۆ بەربژێر کردووە، بەڵام لە گەڵ دژایەتیی هێزە عێراقیەکانی دژ بە دەستێوەردانەکانی ئێران ڕووبەڕوو بۆوە.
عەبادی لە کۆتایی دەسەڵاتی خۆیدا ناوبراوی لە پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی گشتی و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە سەر کار لادا بوو.