کرانەوەی بنبەستی ناوەکی ئێران، لە ئاکامی واژۆکرانی رێککەوتننامەی ڤییەن، و بەڵێنی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆتایی¬هێنان بە چالاکییە نیزامییە ئەتۆمییەکانی، تەنانەت لە ئەگەری سەرکەوتووبوونی کۆی پرۆسەکە، تەنیا یەکێک لە زەرفییەتەکانی گرژیخوڵقێنی و شەڕهەڵایسێنی حکومەتی تاران کەمڕەنگ دەکات. ئەو رێککەوتنە، هەوڵەکان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوەکی کە لە دۆکتۆرینی نیزامی و لێڕوانینە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی وەکوو زامنی ئاسایش و پاڵپشتی بەرەوپێش¬چوونی سیاسەتە ناوچەییەکانی ئەو وڵاتە بیری لێکرابۆوە، پوچهڵ دەکاتەوە، بەڵام پێشبینی ناکرێ لەسەر قەیران و گرژییەکانی ناوچە وەکوو شەڕی یەمەن، سوریە و عێراق کاریگەرییەکی خێرا دابنێت.
لە روانگەی ئەمریکا و هاوتەریب لەگەڵ تێبینییە ئەمنییەتییەکانی وڵاتانێکی وەکوو عەرەبستانی سعودی، ئیسرائیل، تورکیە و وڵاتانی کەنداوی فارس، کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی کێشە و گرژییەکانی ئێستای ناوچە و مەترسییەک بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی ئەژمار دەکرێت. ئەو روانگەیە تەنیا لەسەر پرسی ناوەکی باس ¬هەڵگری کۆماری ئیسلامی بینا نەکراوە تا بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ ئەو پرسە، گۆرانکاری ئەساسی بە سەر دابێ. مەترسی ئەمنییەتی رێژیمی ئێران، زیاتر بەرهەمی ماهییەتی ئیدیۆلۆژیک، پاڵپشتی کردنی تیرۆریزم و دەستێوەردانی نابەجێ لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکەیە. بەو پێیە هەڵگیرانی گەمارۆکان و وەگەڕکەوتنەوەی داراییە بلۆکه -کراوەکانی ئێران، بە سەرنجدان بەو راستییە کە ئەو حکومەتە لە ژێر تاقەت¬ پرۆکێن¬ترین گوشار و گەمارۆی نێودەوڵەتی تەنانەت سەرەڕای بەزاندنی هێڵە سوورەکانی بەرنامەی ناوەکی، بەردەوام هەوڵی داوە تا سیاسەتی قەیران¬خوڵقێنی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی بەهێزتر بکا، جێی نیگەرانییە.
کۆماری ئیسلامی وەکوو هەر رێژیمێکی دیکتاتۆڕی تۆتالیتێری دیکە، یەکەمین ئەولەوییەتی سیاسی، “مانەوە”ی خۆیەتی. ئەو پێویستییە، دۆکتۆرینێکی نیزامی-بەرگری بەرهەم هێناوە کە بۆ پێشگرتن لە هێرشی نیزامی بۆ سەر وڵات و خۆ دەربازکردن لە پەلاماری دەرەکی و رووبەڕووبوونەوەی هەر چەشنە مەترسییەکی ئەمنی، لە دەرەوەی سنوورەکان شەڕی مانەوە و بەرژەوەندی دەکا. سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە، بەشێکیان لەپێناو گەڕەنتی مانەوەن کە بەناوی بەرژەوەندی نەتەوەیی و بەرگری لە گەلانی زوڵم¬لێکراو فۆرموڵە کراون بە شێوەیەک کە تەنانەت بە سەختترین گەمارۆکانیش، ئەو ئەولەوییەتە بۆ رێژیم، لەناو نەچووە.
ئەو ئەسلە تەنها لەسەر کۆماری ئیسلامی وەڕاست نەگەڕاوە. زۆربەی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سیستمێکی سیاسی دێموکراتیک و دادپەروەر کە نوێنەری راستەقینەی ئێرادەی خەڵکەکەیان بێ، بێبەشن. لە وەها کەشێکدا، وڵاتانی دیکتاتۆڕی ناوچە، هەوڵیان داوە تا لە رێگەی شەڕی نیابەتی و وەڕێخستنی گروپ و تاقمی چەکدار لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان رووبەڕووی یەکتری ببنەوە. ئەو دیاردەیە بەتایبەتی لە وڵاتانی سوریە، لوبنان، عێراق و یەمەن تەواو هەستی پێ دەکرێ. لە هەر یەک لەو وڵاتانە، گروپە میلیشیا و لایەنە سیاسی¬یەکان، بە نوێنەرایەتی لە دەسەڵاتە هەرێمییەکان و بەتایبەتی بەرەکانی شیعە و سوننی، بە دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە. ساڵانە بە سەدان میلیارد دۆلار بۆ دابین¬کردنی بودجەی ئەو لایەنە سیاسی¬یانە و قەیران-خوڵقێنی لەو وڵاتانە تەرخان دەکرێ تا لەلایەک مانەوەی دەسەڵاتە هەرێمییەکان لە دەستدرێژی دەرەکی مسۆگەر بێ و لە لایەکی دیکە پرسە سیاسی¬یەکانی ئەو وڵاتانە بە گرۆگان بگیردرێ.
بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دژبەرانی ناوخۆیی سیاسەتەکانی ئەمریکا، رێککەوتننامەی ڤییەن و دانوستانی راستەوخۆی ئەمریکا و ئێران، و ئەگەری تاوتوێکردن و را گۆڕینەوە لەسەر پرسە ناوچەیی¬یەکان لە پەراوێزی دانوستانە ناوەکییەکان، بە هۆکاری بەهێزتر بوونی پێگەی کۆماری ئیسلامی دەبینن. هەرچەند پێوەندی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لیڕەڕا دەستی پێنەکردووە، بەڵام هەر پێشهاتێکی نوێ لە دۆخی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاریگەری لەسەر هاوکێشەی هێزی وڵاتانی ناوچە هەیە و کاردانەوەی جیددی لێدەکەوێتەوە. ئیسرائیل، هەر لەم سۆنگەوە بە تووندترین شێوە دژایەتی رێککەتننامەی ژێنێڤی کردووە و گۆڕانی رەفتاری کۆماری ئیسلامی بە پێشمەرجی بە ئاکام گەیشتنی هەر رێککەوتنێک داناوە. عەرەبستان و وڵاتانی کەنداو هەرچەند بە پارێزەوە پێشوازییان لەو رێککەوتنە کردووە، بەڵام لەمەڕ دەرەنجامەکانی هەڵگیرانی گەمارۆ تەسلیحاتی و داراییەکانی ئەو وڵاتە هۆشداری¬یان داوە. میسر و تورکیەش نیگەرانییەکانی خۆیان لەمەڕ دوارۆژی رێککەوتنی ناوکی ئێران نەشاردۆتەوە.
وڵاتانی دانوستانکار و بە تایبەتی ئەمریکا بۆ رەواندنەوەی ئەو نیگەرانییانە، بەردەوام باسیان لەوە کردووە کە ” بە واژۆکرانی ئەو رێککەتننامە، مەترسییە ئەمنییەتییەکانی سەر ئەمریکا و وڵاتانی ناوچە کەمتر دەبێتەوە”، مەترسی کێبڕکێی ناوەکی لەناو دەچێ و هەوڵەکان بۆ گۆڕینی رەفتاڕی ئێران لە بەستێنەکانی دیکە بەردەوام دەبێ. کۆشکی سپی، هەروەها لەمەڕ رێکارە پێشبینی¬کراوەکان بۆ کردەیی¬کرانی رێککەوتن و هەڵگیرانی گەمارۆکان دڵنیایی داوە و جەختی لەسەر ئەوە کردۆتە کە رێگای تەزریقی داراییە بلۆک¬کراوەکانی ئێران بە گروپە میلیشیا و تاقمە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە بەربەست کراوە.
بەڵام بە سەرنجدان بەو خاڵە کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەردەوامی و بەرەوپێش¬بردنی پلانە سیاسی¬یەکانی خۆی، پێویستی بە قەیران¬خوڵقێنی بەردەوام، دوژمن¬تاشین و بانگەشەی ئیدیۆلۆژیک¬ هەیە؛ و باڵی تووندرەوی دەسەڵاتداری ئێران لە دۆخی گوشار و گەمارۆ زۆرترین قازانجیان کردووە؛ ئەگەری لەمپەرخستنە سەر رێگای کردەیی¬کرانی ئەو رێککەوتننامە، یان خۆدزینەوەی کۆماری ئیسلامی لە بەڵێنەکانیی، ئەگەرێکی بەهێزە. جگە لەوە، بودجەی نیزامی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لە حاڵی هەڵکشان دایە، و بەو پێیە ئێران ناچارە لەپێناو وڵامدەربوونی دۆکتۆرینی نیزامی-بەرگری خۆی و وەدوانەکەوتن لە کێبڕکێ ناوچەییەکان، سەرمایەگوزاری زیاتر لەسەر کەرتی نیزامی و هاوپەیمانانی ناوچەیی خۆی بکا. نوێترین لێدوانی خامەنەیی لەمەڕ “بەردەوامی پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی هاوپەیمانیی خۆی لە ناوچە”؛ بە مانای درێژەکێشانی سیاسەتەکانی رابردووی ئەو وڵاتەیە. ئەوەش راستەوخۆ بە مانای پێشێل-کردنەوەی بڕیارنامە و بەڵێننامەکان، ئاڵۆزترکردنی بارۆدۆخی ناوچە و گەڕانەوە بۆ خاڵی سیفر دێت.