هەیئەتێکی سازمانی خەبات سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و دوولایەن لە پێوەندی لەگەڵ ئەگەرەکانی بەردەم بزووتنەوەی سیاسیی کورد و شێوەی مامەڵەی هێزە سیاسییەکانی کورد لەگەڵ دەرفەت و هەڕەشەکان قسە و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.
ڕۆژی شەممە، 17ی سەرماوەز هەیئەتێکی ڕێبەریی سازمانی خەبات بە سەرپەرستیی کاک باباشێخ حوسێنی، سکرتێری ئەم ڕێکخراوەیە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا.
لەو سەردانەدا دوا گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران و کوردستان خرانە بەرباس و لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ئەرک و بەرپرسایەتییانەی لەو کاتە ناسکەدا دەکەوێتە سەرشانی حیزبە سیاسییەکان، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.
لەو دیدارەدا سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێی لەسەر پێویستیی بەهێزتر کردنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داگرت و لێکتێگەیشتنی زیاتری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی بە زەرەوورەتی بنەڕەتیی هاوکاریی بەکردەوەی ئەوان لە پێناو سەرخستنی بزووتنەوەی کورد زانی.