لە بەرەبەری رۆژی مێژوویی ٢٦ی سەرماوەز کە ناوزەدکراوە بە رۆژی “ئاڵا و پێشمەرگە”ی کوردستان، وەکوو دوو هێمای نەتەوەیی، بۆجارێکی دیکە لە شاری سنەی قارەمان چالاکیی تەبلیغی بەڕێوەچوو.
شەوی ڕابردوو ١٦ی سەرماوەز لایەنگرانی چاونەترس و پێشمەرگەدۆستی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سنە، بەبڵاوکردنەوەی تڕاکت و وێنەی ڕازاوە بە پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، لەنێو کۆڵان و گەڕەکەکانی ئەو شارە یادی ٢٦ی سەرماوەزیان بەرز ڕاگرت.
ئەو شوێنانەی لە شاری سنە چالاکیی تەبلیغاتییان تێدا کراوە بریتین لە؛
گەڕەکی فەیزاوا، بازاڕچەی تاناکورا، شارەکی “بعثت”، هنرستان کار و دانش آفرینش” کچانە و چەندین گەڕەک و کۆڵان و شوێنی دیکەی ئەو شارە.
بە پێی هەواڵێک کە لە شاری سنەوە بە دەستمان گەیشتووە، نیشتمانپەروەرانی ئەمەگناسی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو شارە، بە نووسینی دروشمی شۆڕشگێڕانە لەو ڕێگایەوە بۆجارێکی دیکە وەفاداریی خۆیانیان بە ڕێباز و ئامانجی پێشمەرگانە سەلماند.
شیاوی باسە لە ماوی یەک مانگی ڕابردوودا لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سنە ، چەندین جار چالاکیی تەبلیغییان بەرێوەبردوە، لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەزی ئەمساڵیش ئەمە سێهەمین چالاکییە کە بەڕێوەیان بردوە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێ دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی لایەنگرانی حیزب بکاو، سڵاو و ڕێزی تایبەتی پێشکەش بە شۆڕشگێڕانی خەڵکی شاری سنە دەکا.