رۆژی هەێنی ١٥ سەرماوەز لە شاری ئیستانبووڵی تورکیە هونەرمەندی لاو، یەلدا عەباسی گۆرانیبێژی خوراسانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.
دەسبەسەرکردنی ئەو هونەرمەندە لە کاتێکدایە کە ناوبراو بۆ بەشداریی کردن لە کۆنسێڕتێکی مووسیقی لە لایەن ناوەندی فەرهەنگی مێزۆپتامیاوە بانگهێشت کرابوو.
یەلدا عەباسی بە وتنەوەی گۆرانی تراژدیای “لێ یارێ” کە گێڕانەەی کارەساتی ڕفاندنی کچان و ژنانی کوردی خێڵی باچوانلووی قووچانە کە لە ساڵی ١٢٨٤ رووی داوە، ناوبانگی دەرکردو، یەکێک لە هونەرمەندانی بەتوانای کوردە و ژەنیاری ئامێری دووتارە.
ناوبراو ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویی لە شاری شیروان لە پارێزگای خۆراسان لە دایکبووەو، لە ساڵی ٨٧وە فێری ژەنینی ئامێری دووتار و مەقام و مێلوودییەکانی ئەو ناوچە بووە.
یەلدا عەباسی بە هاوکاری دایکی و موحسێن میرزادە بەرهەمێکی هونەریی لەژێر ناوی “کوات” لە ساڵی ٨٩ بڵاو کردەوە کە لەلایەن کوردەکانی هەر چوار پارچە پێشوازی زۆری لێکرا.
وەزارەتی فەرهەنگ وئیرشادی ئیسلامی، هێشتا ڕێگەی نەداوە دوویەمین بەرهەمی ئەو کچە هونەرمەندە بەناوی”کوات”ی ٢، بڵاو ببێتەوە.
جێوەبیرهێنانەوە ساڵی ڕابردووش کۆنسێڕتی ئەو کچە بەهرەمەندە لە شاری سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڵوەشایەوە.
شارەزایی بەسەر مووسیقی کوردانی خۆراسان و زوڵاڵی دەنگ و لێهاتوویی لە ژەنینی “دووتار” ، لە تایبەتمەندییەکانی ئەو کچە هونەرمەندەیە.