ئیشتون كارتێر، وه‌زیری به‌رگریی ئا‌مریكا ڕۆژی هه‌ینی له سه‌فه‌رێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا گه‌یشته هه‌ولێری پێته‌ختی هه‌رێمی كوردستان.
ئیشتون كارتێر، وه‌زیری به‌رگریی ئا‌مریكا پاش گه‌یشتنه هه‌ولێر چاوی به مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كهوتو له‌سه‌ر پرسه گرینگه‌کانی عێڕاق‌و هه‌رێمی کوردستان تووێژو ئاڵوگۆڕيی بیروڕایان كرد.
ڕاگه‌یه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێن كه ئامانجی ئه‌م سه‌فه‌ره‌ی وه‌زیری به‌رگریی ئا‌مریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان، باس‌و تاوتوێكردنی شێوه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، داعش بووه.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان له چاوپێكه‌وتنی نێوان ئیشتون كارتێرو مه‌سعوود بارزانی چه‌ندین كاربه‌ده‌ستی پله‌به‌رزی نیزامیی هه‌رێمی كوردستانیش به‌شداربوون.
وه‌زیری به‌رگریی ئا‌مریكا پێش سه‌فه‌ره‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان به هه‌واڵنێرانی ڕاگه‌یاندبوو که هێزی پێشمه‌رگه، هێزێكی وشكایی زۆر به‌هێزن که به ئازایه‌تیی که‌م وێنه‌وه شه‌ڕی داعش ده‌که‌ن.
شایانی باسه كه ئیشتون كارتێر ڕۆژی پێنجشه‌ممه بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی عێراق‌و هه‌روه‌ها چاوپێكه‌وتن به هێزه‌كانی ئا‌مریكا له به‌غدا، پێته‌ختی عێراق بوو.