“برایان هۆک” نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی دووشەممە داوای لە وڵاتانی ئوورووپایی کرد کە بە هۆی تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک کۆماری ئیسلامیی ئێران سزا بدەن.
ناوبراو جارێکیتر لە وتەکانیدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر جیهان ناوبرد و گوتی “چاوەڕوانیمان لە ئورووپا هەیە کە ئێران سزا بدا و ڕایگەیاند کە گوشاری زۆری ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بە هاوکاری ئورووپا کاریگەریی زیاتری دەبێ.
“هۆک” ئاماژەی بەوەدا کە بەرەوپێشچوونێکی زۆر لە سەر گوشار سەرخستنە ئێران هەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە گەڵ بەرپرسانی ئورووپایی کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی کە گەمارۆ بخەنە سەر ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە هاوکاریی بەرنامەی ناوکی ئێران دەکەن و داوای لە هەموو وڵاتانی دنیا کرد کە ئێران سزا بدەن.
شایانی باسە کە پێشتر بەرپرسانی ئەمریکایی ڕایانگەیاند گەمارۆکان تا داڕمانی ئابووریی ئێران درێژەی دەبێ و برایان هۆک ڕوو بە کۆمپانیا ئورووپاییەکان گوتی” فریوی ساتوسەودای بازرگانی ئورووپا لە گەڵ ئێران نەخۆن چونکە سزا دەدرێن.
شایانی باسە کە “مایک پۆمپئۆ” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک دا کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی یان هەیە ، سەرکەوتوو بووە. هەر لەو بارەوە ” ئانژ وندر مول” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە ڕۆژی دووشەممە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیکی لە لایەن ئێرانەوە بە کارێکی ورووژێنەر ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەو تاقیکردنەوە مووشەکییە لەگەڵ بڕیارنامەی ٢٢٣١ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتەبایە.