ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ هەڵسانگاندنی تازەترین تاقیکردنەوەی مووشەکیی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە پشت دەرگا داخراوەکان کۆبوونەوەیەک پێکدێنی.
ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئێران بەو تاقیکردنەوە مووشەکییە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی نەتەوەیەکگرتوەکانی پێشێل کردووە.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەز پێک بێ.
تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی هەیە، لە لایەن ” مایک پۆمپئۆ” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خراوەتە بەرباس.
ڕۆژی ١٠ی سەرماوەز لە تویتێکدا هەواڵی تازەترین تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیکی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە تاقیکردنەوەی مووشەکیی لە لایەن ئێرانەوە، پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانە.
جێی ئاماژەیە کە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویی لە ڕێککەوتننامەی ناوکی لە گەڵ ئێران پەسەندکراوە و لەو ڕێککەوتننامەدا هاتووە کە ئێران دەبێ دەست لە پەرەپێدانی ئەو مووشەکانە هەڵگرێ کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکییان هەیە.
شایانی باسە کە دوو ڕۆژ پێشتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئێرانی مەحکووم کرد.
هەر لەو پێوەندییەدا “جێرمی هانت” وەزیری دەرەوەی بریتانیا تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکانەی بە ورووژێنەر و هەڕەشە و ناتەبا لەگەڵ بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ناوبرد و داوایکرد کە دەبێ دەسبەجێ ڕابگیرێ