مانگێک دوای دەسپێکردنەوەی دەوری دووهەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، سەرۆکی سازمانی پلان و بوودجەی ئێران ڕایگەیاند کە داهاتی وڵات یەک لە سەر سێ کەمیکردووە.
“محەممەد باقری نەوبەخت” ڕۆژی دووشەممە ١٢ی سەرماوەز لە وڵامدانەوە بە ناڕەزایەتی کەمەندامان بە هۆی کەمبوونەوەی پووڵی مانگانەیان لە ساڵی داهاتوودا ، ڕایگەیاند کە یەک میلیۆن و نیو بەرمیل نەوتی ئێران کەمی کردووە. ناوبراو هەر لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە پارەی دامەزراوەکانی ئەرتەش و سپاش ١٠ لە سەد کەمیکردووە.
بە وتەی ناوبراو، لایەنەکانی دیکەی وەک فەرهەنگیان لە بوودجەی ساڵی داهاتوو ناڕازین بەڵام سەرچاوەکانی داهاتی وڵات سنووردارن.
شایانی باسە کە دوای دەسپێکردنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، بەرهەمی نەوتی ئێران کەمبۆتەوە.
“تڕامپ” سەرۆک کۆماریی ئەمریکا، شەش مانگ پێش ئێستا ڕایگەیاند کە ئەو ڕێککەوتنە ناوکییەی لە گەڵ ئێران کراوە ناتوانێ پێش لە وەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و سیاسەتە ئاژاوەگێڕیەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا بگرێ و هەر بۆیە ئەمریکا لەو ڕێککەوتننامەیە دیتە دەرەوە.
کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی ١٢ خەزەڵوەر بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک گەمارۆکانی دەسپێکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە سەختترین گەمارۆ دەخەینە سەر ئێران.
ئەمریکا پێش دەسپێکردنەوەی گەمارۆکان ١٢ خاڵی وەک دەست هەڵگرتن لە تێرۆریزم و وازهێنان لە پشتیوانی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە توندڕۆکان و دەستێوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئێران دیاریکرد کە تا ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵامی هیچکام لەو خاڵانەی نەدوەتەوە و بەهۆی سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی لە ناوچەکەدا ئێران و گەلانی ئێرانی تووشی گرانی و بێکاری و نەهامەتی کردۆتەوە و بە هۆی سیاسەتە هەڵاکانیەوە لە گەڵ ناڕەزایەتی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئێران بەرەوڕوو بۆتەوە و مانگرتن و ناڕەزایەتیەکان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرەدەسێنن.