٢٢ سال لەمەوپیش لە درێژەی قەتڵگەل زنجیرەیی لە ئێران، کەسایەتیی نەتەوەیی و ئایینی کورد مەلا محەممەد ڕەبیعی بەدەستی ناوەندەئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری کرماشان تیرۆر کرا.
مەلا محەممەد ڕەبیعی شاعیر و نووسەری کورد کە وەکووو کەسایەتییەکی ئایینی و بوێر هیچ کات لە پێناو نەتەوەکەیدا خەمسارد نەبوو، ساڵی ٧٥ی هەتاویی دوای چەندرۆژ بێسەر و شوێنی رۆژی ١٢ی سەرماوەز تەرمەکەی لە نێزیک ماڵی خۆی لە شارەکی فەرهەنگیانی کرماشان دۆزرایەوە.
مامۆستا ڕەبیعی کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی هەبوو، ناوبراو پێشنوێژی سونییەکانی کرماشان بوو کە بە هۆی هەڵسوکەوتی شیاو و بوێرانەی لە نێوخەڵکی خۆی و هاونیشتمانیانی شێعە مەزهەبیش جێگە و پێگەی تایبەتی هەبوو.
لە شۆڕشی ٥٧ یەکێک لە کەسایەتییەکانە بوو کە بۆ چارەسەری پرسی کورد دەوری بەرچاوی گێڕا.
ئەو شاعیر و نووسەرە خاوەنی ٣٣ بەرهەمە بە زمانەکانی کوردی و فارسی و عەرەبی و هەروەها لە یەکەم کەسان بوو کە لە گۆڤاری سروە بابەتی بڵاوکردۆتەوەو چەندین ساڵ وەکوو ئامادەکار و بێژەر لە رادیۆی کرماشان بوو.
مامۆستا مەلامحەممەد لە مزگەوت و شەقام ئازایانە داکۆکی لە مافی نەتەوەکەی دەکرد و، هەر بۆیە بۆ کارەبەدەستانی ڕێژیم تەحموڵ نەکرا.
جێیوەبیرهێنانەوەیە لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لە ڕۆژی ١٣ی سەرماوەز لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکان تێکەڵچوون روویداو ئەو ناڕەزایەتییانە زوو شارەکانی دیکەی پارێزگای کرماشان لەوانە پاوە، جوانڕۆ، ڕوانسەریشی گرتەوە و ژمارەیەک کوژراو و هەروەها چەندین برینداری لێکەوتەوە و زۆر کەسیش بەو هۆیەوە دەسبەسەر کران.
کۆماری ئیسلامی لە ترسی تەشەنە سەندی ناڕەزایەتییەکان هەر زوو دەستی دایە سەرکوت و تەنیا لەشاری جوانڕۆ نیزیک بە دە کەس کوژران.
پاش ٢٢ ساڵ بەسەر ئەو تیرۆرە هێشتا هیچ کەس و لایەنێک وەکوو بکوژ و بڕیاردەر نە ناسراون.











