کتێبی “ڕسالە”ی خومەینی کە کتێبێکی تاقمگەرایانە و ئیدئۆلۆژیکە، لە وڵاتی تاجیکستان وێڕای قەدەغەکردنی، لە خوێندنگە و ناوەندە فەرهەنگییەکان کۆکرایەوە.
ڕۆژنامەی کەیهان بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند کە بە پێی ڕاپۆڕتی ڕادیۆی تاجیکستان، “رسالە”ی خومەینی لەگەڵ کتێبی چەندین مەلای شێعەی دیکە، لەو وڵاتە قەدەغە کراوە و سەرجەم کتێبەکانی ئاخوندەکانی ئێران، کۆ کراوەنەتەوە.
کۆکردنەوەی “ڕسالە”ی خومەینی بۆ دابەزینی ئاستی پێوەندی فەرهەنگیی ئێران و تاجیکستان دەگەڕێتەوە کە ماوەیەکە بە هۆی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستێوەردان لەو وڵاتە زیادتر بووە.
بە پێی هەمان سەرچاوە، حەوتووی ڕابردوو، ناوەندی فەرهەنگی و بازەرگانیی ئێران لە تاجیکستان داخراوە.
ئەو ناوەندە کە لە شاری “خوجەند”ی تاجیکستان بە هۆی خزمەتگوزارییەکانی و هەبوونی ئینتەرنێتی خێرا بە ناوبانگ بوو.
ئەو ناوەندە لە نێو لاوانی تاجیکستانی بانگەشەی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران و پلان و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرد و، سەفەری زانستی بۆ گەنجانی تاجیکی رێکدەخست هەتا سەردانی ئێران بکەن.
هەروەها دەنگۆی ئەوەبڵاوبۆوە کە کۆماری ئیسلامی لە ژێرناوی کار و باری فەرهەنگی لە تاجیکستان ماوەیەکە لەو وڵاتە خەریکی دەستێوەردانە و ئۆپۆزسیۆنی دەوڵەتی تاجیکستانی دژی دەسەڵات هان دەدا.