بە پێی هەواڵێک کە لە وڵاتی دانمارکەوە بە دەستمان گەشتووە، بە داخێکی زۆرەوە ڕۆژی یەکشەممە ١٩-٧-٢٠١٥ی زایینی، لاوێکی تازە پێشگەشتوو و شارەزا، ئەویندارێکی ڕێگای ئازادی بە ناوی ” شاهۆ فەتاحی”، کوڕی شەهید شوکری فەتاحی، خەڵکی ئاوایی زەردەی ناوچەی کرماشان، بە هۆکاری نادیار گیانی لە دەست داوە. کاکە شاهۆ فەتاحی لاوێکی خوێن گەرم و دڵ پر لە ئەوین بوو، کە سەرەڕای شەهید بوونی باوکی هیچ کات هیوا و ئۆمێدی بۆ گەشتن بە ئاوات و ئارەزووەکانی لە دەست نەدا و هەموو کات هۆگری فێربوون و خۆڕاهێنان بوو، بۆ ئەوەی بتوانێ لە داهاتوو دا سوودبەخش بێت بۆ گەل و وڵاتەکەی، هەر بۆیە ڕێگەی هەندەرانی گرتە بەر و لە وڵاتی دانمارک گیرسایەوە. لەویش هەمو کات هەوڵی فێربوونی دەدا، بەلام مخابن مەرگ ڕێگەی نەدا بگاتە ئاواتەکانی و لە تەمەنی لاوی دا گیانی بەخشی. پێویست بە ئاماژەیە کە شەهید شوکری فەتاحیی باوکی کاکە شاهۆی جوانەمەرگ، یەکێک لە پێشمەرگە قارەمانەکانی هێزی داڵاهۆی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو کە لە کاتی بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان، لە ناوچەی هەورامان، لە لایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانەوە شەهید کرا.
ناوەندی هەواڵی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی نابەوەختی کاکە شاهۆ فەتاحی، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەمالە و کەس و کاری لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە تایبەتی و خەڵکی شۆڕشگێڕی ئاوایی زەردەی کرماشان دەکات.