ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەز پازدەیەمین خولی فستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز پاش سێ رۆژ ، کۆتایی پێهات.
لەو خولە لە فستیڤاڵەدا دەیان شانۆی کوردی، بەرهەمی دەرهێنەران و ئاکتەرانی کورد نواندران و چوار لەوان بۆ فستیڤاڵی نێونەتەوەیی فەجری تاران دەستنیشان کران.
تایبەتمەندیی پانزدەیەمین خولی شانۆی کوردیی سەقز، نواندنی شانۆی”کۆڵبەران” لە نووسینی دکتور قوتبەدین سادقی و وەرگێڕانی مەریەم قازی بوو، کە سەرنجێکی هونەرمەندانەیە بۆ سەر پرسی کۆڵبەرانی کورد.
هەروەها شانۆی”یارایی زاکان” لە دەرهێنانی نیلووفەڕ قەلعەشاخانی لە کرماشان کە لە کۆتاییدا بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی کارەساتی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان خولەکێک بێدەنگی ڕاگەیاندرا.
شانۆی”هەنارێ” لە نووسینی خاتوو سیمین چایچی و بە دەرهێنەری ئەفشین خدری لە شاری سنە، شانۆیەکی دیکە بوو کە باسی لە هەڵسوکەوتی کۆمەڵگەی پیاوسالار لە گەڵ کچان و ژنانی دەکرد و، ئەو شانۆیە لەگەڵ سێ شانۆی دیکە، بۆ بەشداریی کردن لە فستیڤاڵی شانۆی فەجری تاران هەڵبژێردرا.
لە پازدەیەمین خولی فستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز، بۆ ماوەی سێ رۆژ 38 شانۆی ناوخۆیی و 14 شانۆ لە باشووری کوردستان پێشاندران.
لە پەرواێزی ئەو فستیڤاڵەش کۆمەڵێک کار و چالاکیی هونەری و پانێلی زانستی لە بارەی شانۆ بە گشتی و شانۆی کوردی بەتایبەتی و هونەری دەرهێنەریی بەڕێوەچوو.
دوکتور قوتبەدین سادقی نووسەر و دەرهێنەری بەناوبانگی کورد کە سەرۆکی فستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقزە، بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاند؛ کە فستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز، دەرفەتێکە بۆ ناساندنی کەلتوور و زمان و شارستانییەتی کورد و هەروەها بەستێنێکە بۆ نواندنی جوانییەکان و باسکردنی کێشە وگرفتەکانی گەلی کورد.