سەرلەبەیانیی شەممە ١٠ی سەرماوەز هەیئەتێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز ساڵح شەریفی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە سەردانی سکرتاریای حیزبی دیموکراتی کوردستانیان کرد و لەلایەن هەیئەتێک بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا مەولووودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
لەو دیدارەدا هەیئەتی هەردوولا وێڕای باس لە سەر دۆخی سیاسیی ئێستای ئێران و کوردستان و هەروەها ئەگەرەکانی بەردەم ڕووداوە سیاسیەکانی ئێران و کوردستان، باسێکی وردیان لە سەر چۆنیەتیی هاوکاریی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
هەیئەتی هەردوولا وێڕای باس لە چۆنیەتیی پێکەوە کارکردن و هاوخەباتیی حیزبەکانی کوردستان پێداگرییان لە سەر ئەوە کرد کە مەرجی سەرکەوتنی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان ئەوەیە کە ئەو سەردان و باس و خواسانە لە قسەوە بۆ کردار بگوازرێتەوە و پێکەوە بە کردەوە لە مەیدانە جۆربەجۆرەکانی خەباتدا چالاکییان هەبێ.
لەو دیدارەدا هەیئەتی هەردوولا وێڕای وەبیرهێنانەوەی کردەوە تێرۆریستیەکەی ١٧ی خەرمانان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو ڕوودانە جارێکیتر بە ئێمەی سەلماند کە کۆماری ئیسلامی بۆ لە بەینبردنی بزووتنەوەی کوردستان لە هیچ کردەوەیەک دەست ناپارێزێ، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموو حیزبەکانە کە پێکەوە کار بۆ تێپەڕاندنی ئەو دەورانە و تێکۆشان تا سەرکەوتنی یەکجاری بکەن.