له ماوه‌ی سێ مانگی سه‌ره‌تای ساڵی ١٣٩٤ زیاتر له ٣٢ هەزارو ٩٨١ بابه‌تی ته‌ڵاق له ئاستی ئێران‌دا تۆمار كراوه كه له چاو ساڵی پێشوو له هه‌مان ماوەی زه‌مه‌نی دیاریكراودا سه‌دی ١٧.٥ به‌رز بۆته‌وه.
كۆمه‌ڵناسان ده‌ڵێن ئەوە ته‌نیا ئاماری ته‌ڵاق نییه كه گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هاتووه به‌ڵكوو بازنەی ته‌مه‌نیی ته‌ڵاقیش گۆڕاوه، له ده‌یه‌ی پێشوودا یانی له ساڵی ٨٣ تا ٩٣ی زۆرترین ته‌ڵاق کە له ئاستی ئێران‌دا تۆمار كراوە پێوه‌ندیی به بازنەی ته‌مه‌نیی پیاوان له ٢٥ تا ٢٩ ساڵ و ژنان ٢٠ تا ٢٤ ساڵ بووه. به واتایه‌كی دیكه له ماوه‌ی ١٠ ساڵی ڕابردوو، پیاوان و ژنان ئه‌م گرووپه ته‌مه‌نییه زیاتر لە بازنە ته‌مه‌نه‌كانی دیكه لە یەکتر جیابوونەتەوە.
ئامارەکان دەڵێن لە ساڵدا ٨٠٠ هه‌زار ژیانی هاوبه‌ش پێك دێ كه ١٦٠ هه‌زار حاڵەت لەو ژیانە هاوبەشانە هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. ده‌گوترێ كه نزیك به سه‌دی ٦٠ی ئه‌و ژنانه‌ی كه جیاده‌بنه‌وه ته‌مه‌نیان خوار تەمەن ٣٠ ساڵه.
كۆمه‌ڵناسان له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن كه لە مێژساڵە ته‌ڵاق وه‌رگرتن بۆ ژنان لە ئێران ئاسایی بۆتەوەو ژنان ته‌نیا دایكایهتیو هاوسه‌رداری بە ئەرکو مافی خۆیان نازانن‌و له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه ئه‌م ڕۆڵانه كاتێك له بواری ئابوورییەوە هیچ قازانجێکی بۆ ئەوان نییەو كۆمه‌ڵگه ڕێز‌و حورمه‌تیان لێناگرێ، كه واته بۆ ده‌بێ بسووتێنو له‌گه‌ڵ ئەو ڕەوشە بسازێن؟
توێژینەوەیەکی كۆمه‌ڵایه‌تی دەڵێ خوێندن لە ئاستی سەروو، دامەزران‌و دەست لە گیرفانی خۆداهەبوونو بوونی تۆڕه‌كانی پشتیوان له نێو دۆستان، بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه ژنان به تایبه‌ت له شاره گهورهكانو له توێژی مام ناوه‌ندی ئاستی متمانه به‌خۆبوونیان بچێتە سەرێ و له‌سه‌ر پێی خۆیان ڕاوەستن و ژیانی سه‌ربه‌خۆ پێك بێنن و لە مێردەکانیان جیا ببنەوە. ئه‌وان وابیر ده‌كه‌نه‌وه كه ته‌ڵاق یان جیابوونه‌وه كۆتایی هه‌موو شتێك نییه به‌ڵام ئەوە ته‌نیا ژنان نین كه گۆڕاون. پیاوانیش وه‌ك پێشوو سه‌ختی ناگرن. به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی خوێندن و گه‌شه‌ی زانیاریی كۆمه‌ڵایه‌تیی پیاوانیش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه چاوه‌ڕوانی ئه‌وان له ژیانی هاوبەش شتێکی دیکە بێ.
ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه كه کێشەی جینسی یه‌كێكی له هۆكاره‌كانی دیكه‌ی ئه‌مڕۆی ئێرانه كه ده‌توانێ شوێنپێی له به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ته‌ڵاقدا هه‌بێ. به‌پێی ئاماره‌كانی په‌روه‌نده ته‌ڵاق له ناوه‌نده قه‌زاییه‌كان له ئێران ده‌ركه‌وتووه كه زۆربه‌ی ئه‌م ته‌ڵاقانه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی جینسی بووه. ئه‌گه‌ر له ڕابردوودا مه‌سه‌له‌ی جینسی پێشی به ته‌ڵاق ده‌گرت ئێستا پێچه‌وانه بۆته‌وه‌و هاوسه‌ران به‌دوای دابینكردنی پێویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن و خۆیان سه‌ركوت ناكه‌ن، بۆیە یان به‌ره‌و دابینكردنی پێویستیی خۆیان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م پێوه‌ندییه ده‌كه‌ون و كه ئه‌مه‌شه جیایی لێ ده‌كه‌وێته‌وه یان گیروگرفتی دیكه ده‌كه‌نه بیانوو بۆ لێك جیابوونه‌وه.
كۆمه‌ڵناسان ده‌ڵێن به‌ڵام هاوكات هۆكاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وەک کێشەی ئابووری، بێكاری، توندوتیژی، ئیعتیاد‌و جیاوازیی چینایه‌تیش لەو نێوەدا دەور دەبینن‌و ئه‌گه‌رچی دەوڵەت بانگه‌شه بۆ پێكهێنانی ژیانی هاوبه‌ش دهكاو له به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ته‌ڵاق نیگه‌رانه، به‌ڵام له لێكدانه‌وه ڕه‌سمییه‌كان كه‌متر باس له گیروگرفته‌كان ده‌كرێ كه ڕیشه‌یان له مه‌سه‌له ئابووری و سیاسیەکاندا هه‌یه.