سەرەڕای ئەوە کە شارەداریی مەهاباد تەنیا لە ٧ مانگەی ساڵی ٩٧دا نیزیک بە ١٩ میلیارد داهاتیبووە، بەڵام چەندین مانگە حقووقی کارمەندو هەقدەستی کرێکارانی نەداوە.
یەکێک لە کارمەندانی ئەو شارەدارییە بە “کوردستان وکوردی” ڕاگەیاند کە دۆخی شارەوانیی مەهاباد رۆژ بەدوای رۆژ خراپتر دەبێ و لە ماوەی خولێ نوێی شوڕای شار کە ١٦ مانگ دەگوزەرێ ئەو شارەدارییە تەنیا بڕی پارەی هەفت مانگی بە کارمەند و کرێکارەکانی داوە و، زۆربە کارگە و پڕۆژەکانیش بە نیوەچڵی ماوەنەتەوە.
بەپێی قسەی ئەو سەروچاوەیە کە ٩ مانگ لە ساڵی ٩٧ تێپەڕدەبێ شارەداریی مەهاباد سێ جار پارەی کارمەندەکانی داوەو ئەمەش کێشەی ئابووری ساز کردوەو تەنانەت رۆژی چوارشەممە٧ی سەرماوەز “یەکەی شارسازیی شاری مەهاباد” بە نیشانەی نارەزایەتی دەربڕێن، لە خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان خۆیان بوارد، هەتا شووڕای شار و شارەدار، سەرلەنوێ وادە و بەلێنیان داوە کە لە زووترین کات کێشەکانیان چارەسەر دەکەن.
نەدانانی هەقدەست و مووچەی مانگانەی کرێکاران و کارمەندانی شارەداریی مەهاباد لە کاتێکدایە کە چەندین جار بەرپرسان وادە و بەڵێنیان داوە، بەڵام هەر جێبەجێ نەکراوەو کرێکاران و کارمەندانیش کە دەیانهەوێ ناڕەزایەتی دەرببڕن، هەڕەشەی دەرکرانیان لێدەکرێت.
شیاوی باسە بەپێی ئامارەکان شارەدارییەکانی ئێران و کوردستان یەکێک لە دامودەزگا گەندەڵەکانی وڵاتە.