یەکێک لە وەفادارترین دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، خەڵکی شاری بانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵێک کە لە شاری بانەوە بە دەستمان گەیشتووە، شەوی ٧ی سەرماوەز کاک خەلیل حسێنی یەکێک لە دۆستانی وەفاداری حیزبی دێموکراتی کوردستان و خاڵی شەهید هاشم عەزیزی، دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران ، لە تەمەنی ٧١ ساڵەیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک خەلیل کە هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزب، لە ساڵی ٥٧ی هەتاویی تێکەڵ بە ژیانی سیاسی وحیزبی بوو، لە هاوکاری و یارمەتیدانی تێکۆشەرانی دێموکرات دەریغی نەکرد و هەتا دوایین هەناسەی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوەو هەر بە ئاواتی سەرکەوتنی گەڵەکەی سەری نایەوە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێ ڕێز لە تێکۆشانی لایەنگرانی خۆی بگرێ و بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە سەرجەم کەسوکار و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو کاک خەلیل دەکا و ، خۆی بە شەریک و بەشدار لە خەمیان دەزانێ.