ئەبولفەزڵ قەدیانی بەندیی سیاسی و یەکێک لە ڕەخنەگرانی حکومەتی ئێران، لە بابەتێکدا بە باس کردن لە هەلومەرجی ئێستای ئێران و ، پەرەسەندنی گەندەڵیی دەسەڵاتداران لەو بارەوە دەڵێ: دەسەڵاتی ناوەندگەرا و هەتاهەتایی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆکاری پەرەسەندنی گەندەڵییە لە ئێران.
بە پێی بابەتێک کە ماڵپەڕی “کلمە” رۆژی چوارشەممە ٧ی سەرماوەز بڵاوی کردووتەوە، ئەو ڕەخنەگرە بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای ئێران و هۆکارەکانی بە ڕاشکاوی ڕێبەری ڕێژیم بە تاوانبار دەزانێ و ڕایگەیاندوە؛ تا هەر ڕادەیەک کە قەیرانە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات، قووڵتر دەبنەوە، ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران لە کۆماری ئیسلامی و ڕێبەری نیزام زیاتر دەبێت و هەربۆیە ناوەندە ئەمنییەکانیش لە ترسی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان پەنا بۆ سەرکوتکردن دەبەن.
لە درێژەی بابەتەکەی “ئەبولفەزڵ قەدیانی”دا هاتووە؛ ئەو ترسە، کە دەبیندرێ، ترس لەدەستدانی دەسەڵاتێکە کە بە زۆرەملێ بە دەستیان هێناوە و جیابوونەوە لەو دەسەڵاتەش بۆتە مۆتەکەی شەو و ڕۆژی بەرپرسان و، بۆ مانەوەی خۆیان، پەنا بۆ هەر کار و کردەوەیەکی نایاسایی و نائیخلاقی دەبەن.
“قەدیانی” لە بەشێکی دیکە لە بابەتەکیدا بە ئاماژەدان بە دیکتاتۆریەتی رێبەری ڕێژیم، “وەلی فەقیهـ” بە ماکەی گەندەڵیی ئێران دەزانێ و ڕایگەیاندوە؛ لە کەس شاراوە نیە کە دەسەڵاتی هەتاهەتایی خامنەیی هۆکاری پەرەسەندنی گەندەڵییەو سەرۆککۆمار لە ئێران دەسەڵاتی وای نیە و تەنانەت ئیختیاری دانان و لابردنی وەزیرەکانی خۆی نیەو هەمان “تدارکاتچی”یە.
ئەبولفەزڵ قەدیانی لە کۆتایی بابەتەکەیدا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تەنیا ڕێکاری دەربازبوون لەم دۆخەدا “خۆراگری و خۆپێشاندانە”و، ئەگەر ناڕەزایەتییەکان درێژەی هەبێ، دەسەڵات ناچار دەکا بۆ جێبەجی کردنی ویستی گشتگیری خەڵک و، تەنانەت ملدان بە بەڕێوەچوونی ڕێفڕاندۆم لە ئێران و هاتنە سەرکاری سیستەمێکی سکۆلار و جیاکردنەوەی ناوەندە ئایینیەکان لە حکومەت.
جێیوەبیرهینانەوەیە کە ئەبولفەزڵ قەدیانی یەکێک لە ١٥ چالاکی سیاسی و مەدەنیی ئێرانە، کە ساڵی ڕابردوو خوازیاری بەڕێوەچوونی ڕێفڕاندۆم بوون لەو وڵاتە، بە مەبەستی تێپەڕبوونی بێ توندوتیژی ، لە سیستەمی کۆماری ئیسلامییەوە، بەرەو نیزامێکی سکۆلار و پارلەمانی .