سێ شارۆمەندی کورد لە بانە دەسبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگوێزران. ئەوە لە حالێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا، بەتایبەت لە دوای مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و لەسێدارەدرانی چەند بەندییەکی سیاسی کورد و مانگرتنی گشتی خەڵکی شارەکانی کوردستان لە ٢١ی خەرمانان، سەدان کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و خەڵکی ئاسایی گیران و ڕەوانەی بەندیخانەکان کران.
شایانی باسە کە ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاویی ٣ کەس بە ناوەکانی ” سینا ئەحمەدی، پەیام ئەنوەری و ڕەزا مریەمی” لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بەپێی سەرچاوەیەکی هەواڵ، هێزە ئەمنییەتیەکان بە شێوەیەکی نایاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکانیان و دەسبەسەریان کردوون. ئەو ٣ کەسە بە تۆمەتی هاوکاریی لە گەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەرکراون.
جێی ئاماژەیە کە پێشتر ” ڕەزا مرادی ” لە ڕۆژی ٣ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویی هەر بەو تۆمەتەوە دەسبەسەر کراوە و دوای لێکۆڵینەوە، بە بارمتە ئازاد کراوە.
قەیرانە سیاسی و ئابووریەکان ڕێژیمی تووشی دڵەڕاوکی و سەرلێشێوای کردووە و توانای چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبوەکانی وڵاتی نییە و بەهۆی سیاسەتە ئاژاوەگێڕیەکانی لە ناوچە و هاوکاریی هێزە توندڕەو و تێرۆریستەکانەوە ناپژێتە سەر چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوخۆیی و هەر بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵانەوە خەڵکی تووشی برسیەتی و نەداری و وڵاتی لە گەڵ گرانی و بێکاری ڕووبەڕوو کردۆتەوە. ڕێژیم کە بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵک ترسی لێنیشتووە، بۆ چاوترسێن کردنی چالاکوانان دەستی بە ڕەشبگیریی کردووە و لە هەموو شارەکانی ئێران خەڵک دەسبەسەر و ڕاپێچی دادگا و بەندیخانەکان دەکا تا بەڵکوو بتوانێ پێش لە پەرەسەندنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بگرێ وخۆی لە ڕووخان و لەناوچوون ڕزگار بکات.











