شەوی ڕابردوو بوومەلەرزەیەکی بەهێز ناوچەکانی “قەسری شیرین، گیلانی غەرب و سەرپێڵی زەهاو”ی لەرزاند و خەسارێکی زۆری بە خەڵکی ناوچەکە گەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەو بوومەلەرزەیە بە پلەی ٦.٤ پلە بووە و لە قووڵایی ٧ کیلۆمیتری زەویدا ڕوویداوە . ناوەندی ئەو بوومەلەرزەیە لە ١٧ کیلۆمیتری سەرپێڵی زەهاو و ١٨ کیلۆمیتری قەسری شیرین بووە.
ئەو بوومەلەرزەیە زۆربەی شارەکانی پارێزگای کرماشان و لوڕستان و هەروەها پارێزگاکانی تەورێز، ورمێ و هەرێمی کوردستانی عێراقی گرتۆتەوە و خەڵکێکی زۆری تووشی ترس و دڵەراوکێ کردووە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئێران، بە هۆی ئەو بوومەلەرزەیە ٦٣٠ کەس بریندار بوون.
پێشتر”مەحموود ڕەزا مرادی” سەرۆکی زانستگەی زانستە پزیشکیەکانی کرماشان لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەری “مێهر” ڕایگەیاند کە ٢٣٥ کەس لە سەرپێڵی زەهاو، ١٠٨ کەس لە گیلان غەرب و ٩٧ کەس لە قەسری شیرین بریندار بوون، بەڵام دواتر ژمارەی برینداران زیادی کرد و گەیشتە ٦٣٠ کەس.
جێی ئاماژەیە کە ساڵی رابردوو لە ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاویی دا بوومەلەرزەیەکی بەهێز ئەو ناوچانەی گرتەوە و لە ئاکامدا ٦٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا و نیزیکەی ١٠ هەزار کەس بریندار بوون. ئەو بوومەلەرزەیە وێرانیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەهۆی وێرانبوونی ماڵەکانیان تا ئێستاش خەڵکێکی زۆر نەیتوانیوە بگەڕێتەوە و ژیانێکی سەخت و دژوار تێپەڕ دەکەن.
ساڵی ڕابردوو لە هاوکاریەکی کەم وێنەدا، خەڵکی کوردستان لە هەموو گوند و شارەکانی کوردستانەوە بە هاواری لێقەوماوانی ئەو بوومەلەرزەیەوە چوون و خواردن و پۆشاک و دەرمانیان گەیاندە خەڵک، بەڵام حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ئاست خەڵکدا ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەرشانی، لە بەرابەر گیانی خەڵک و ماڵوێرانی ئەواندا کەمتەرخەم بوو و نەک هەر لە فریای خەڵک نەکەوتن بەڵکوو ڕێگر بوون لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی ناوچەکە و ئەو کەلوپەل و خواردەمەنییەی کە لە دەرەوەی ئێرانەوە بۆ لێقەوماوان بەڕێکرابوو، بە تەواوی نەگەیشتە دەستی خەڵک و بەشێکی زۆری ئەو هاوکاریانە بۆ مەبەستی تایبەتی لە ئەنبارەکانی رێژیم دا ڕاگیران. لە کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە داوا لە خەڵکی کوردپەروەری کوردستان دەکەین کە وەک چۆن لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەی ساڵی ڕابردوو بوێرانە و لەخۆ بوردووانە بەهانای خوشک و براکانیان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان چوون، ئەو جارەش و بەهەموو شێوەیەک هاوکارییان بکەن و هاو خەم و هاوسۆزیان بن.