جیا لە خەمساردی دەوڵەت لە هەمبەر ئاوەدانکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی پارێزگای کرماشان، گرانی هەوسارپچڕاویش بۆتە هۆی پەککەوتنی پرۆژە ئاوەدانییەکان.
بە گوتەی فەرهاد تەجەری نوێنەری قەسری شیرین لە مەجلیس؛ دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان هێشتا نێوەی زیاتر لەو خەڵکە لە نێو کانێکس و خێوەت دەژین.
هەر بە گوتەی “تەجەری” دۆخی خراپی ئابووریی وڵات و گرانی لەڕادەبەدەر، کێشەی خەڵکی لێقەوماوی پارێزگای کرماشانی چەند بەرابەر کردووە.
نوێنەری شاری قەسریشیرین رۆژی شەممە ٣ی سەرماوەز بە هەواڵدەریی ئیلنای ڕایگەیاند؛ بەشێکی زۆری بەڕێوەبەرییەکان لەو پارێزگایە کێشەیان هەیەو زۆربەی پەیمانکارەکان، بەهۆی گرانییەوە وازیان لەکار هێناوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان دەسپێکردنی وەرزی سەرما و جێبەجێ نەبوونی بەڵێنیەکانی شیرکەتی گاز، وێڕای باس کردن لەو بارەوە گوتی: کە بەم سەرما و سۆڵە خەڵک لە سەرپێڵزەهاو و ناوچەکانی دیکە هێشتا لەنێو کانێکس ژیان بەسەر دەبن.
شیاوی باسە لە ئاکامی بوومەلەرزەی ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای کرماشان کە شەوی ٢١ی خەزەڵوەر ڕووی دا، جیا لە کورژان و برینداربوونی نیزیک بە ١٠هەزار خەڵکی ناوچەکە ، زیاتر لە ٧٠هەزارکەسیش ماڵوێران بوون.
کەمتەرخەمیی بەرپرسان و دۆخی خراپی ئابووریی وڵات و کێشەسازکردن بۆ کەسانی خێرخواز، لە هۆکارگەلی کاولمانەوە و دۆخی خراپی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانن.











