یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانیی “نا بۆ توندوتیژی بە دژی ژنان” ، سیمینارێکی بەو بۆنەوە بەڕێوەبرد.
پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ٩٧ی هەتاویی بە دەستپێشخەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان سیمینارێک بە بۆنەی رۆژی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی بە دژی ژنان لە یەکێک لە سالۆنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سێ پانێلی جیاجیا بەڕێوەچوو.
سەرەتا پێشکەشکار تریفە فاتحی ریزبەندی بەرنامەکانی خوێندەوەو پاش ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی سەرجەم ژنانی شەهید و ئازادیخوازی گەلەکەمان، بەتایبەتی شەهیدان سۆهەیلا قادری و مامۆستا نەسرین حەداد، دوو ژنە تێکۆشەر و شەهیدی نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات، سیمینارەکە دەستیپێکرد.
لە دەستپێک، تریفەی ئەحمەدی ئەندامی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، پەیامی ئەو یەکیەتییەی کە بە بۆنەی رۆژی ٢٥ی نوامبر ئامادەکرابوو، پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.
لە پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان وێڕای ئاوردانەوەیەک لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی و یەکسانیخوازیی ژنان لە جیهان، باس لە مێژووی تێکۆشانی بێوچانی ژنی کورد کرابوو، بەتایبەتی لەسەنگەری حیزبی دێموکرات و هەوڵ و تێکۆشانی ژنانی رۆژهەڵات لە سەنگەرە جیاجیاکان بۆ دەستبەرکردنی مافە ئینسانی و نەتەوایەتییەکان.
لە کۆتایی پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، بە وەبیرهێنانەوەی کارەساتی ١٧ی خەرمانان و هێرشی هەوایی بۆسەر بنکەی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و شەهیدبوونی پۆلێک لە ئەندامانی ڕێبەری و کاردو پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە، بەتایبەتی دوو ژنە تێکۆشەر و دوو سکرتێری پێشووی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان ڕوو بە ژنان و کچان هاتبوو کە دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دوو سیمبۆلە، بەردەوام بن لە تێکۆشان و خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمان.
پاشان لە پانێلی یەکەم شلێر مەحموودی سکرتێری نوێی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بابەتێکی لە ژێر ناوی ‘گرێبەستە نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە ژنان و هۆکاری واژۆ نەکردن و پابەندنەبوونی کۆماری ئیسلامی بەو ڕێککەوتننانە”ی پێشکەش کرد.
شلێر مەحموودی سەرەتا ئاورێکی لە کۆی گرێبەستە نێونەتەوەییەکان و پەسندکراوەکانی تایبەت بە مافی ژنانی بۆ ئامادەبوان خستەڕوو.
پاشان لە بەشی دوویەمی باسەکەی هۆکاری نەگونجاوی و خۆدزینەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەهەمبەر جێبەجێ کردنی خاڵە پەسندکراوەکانی بۆ ئامادەبوان شیکردەوە.
ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بە سیستەمی ئایینی و سیاسیی کۆماری ئیسلامیدا کە ناتەبایە لەگەڵ ڕێککەوتنە جیهانییەکان و دواتر لەسەر خاڵەکانی یاسای بنەرەتیی کۆماری ئیسلامی و دژایەتییان لەگەڵ پڕنسیبە جیهانییەکان لە بواری مافی ژنان و حقووقی شارۆمەندی درێژەی بە قسەکانیدا.
شلێر مەحموودی لە کۆتایی قسەکانیدا هاتنە مەیدانی ژنان و کچانی کوردی لە ئێران بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆیان بە خاڵێکی پۆزتیڤ زانی و هەروەها رۆڵی ژنانی تێکۆشەری نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بەرز نرخاند.
لە پانێلی دووهەم عەلی لەیلاخ کاردی ڕاگەیاندن باسێکی لەسەر” جموجۆڵی ژنانی نێوخۆی وڵات لە بواری فەرهەنگی و مەدەنی و سیاسی”پێشکەش کرد.
باسەکەی عەلی لەیلاخ لە چەند ڕەهەند دەستیپێکرد ، سەرەتا ئاورێکی کورت بوو لە مێژووی هاتنە مەیدانی ژنانی ئێران و کوردستان و، دواتر چەختی لەسەر هەلومەرجی ئێستای ئێران و کوردستان کرد و کاریگەریی کچان و ژنانی لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی خستەڕوو.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە نموونە بەرچاوەکانی شوێندانەریی ژنان و کچان لە نێوخۆی وڵات، درێژەی بەقسەکانیدا و نیزیک کردنەوەی سەنگەرەکانی تێکۆشان و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکانی بە خاڵێکی گرینگ لە قەڵەم دا.
” نەسرین و سوهەیلا، ئاوێنەی باڵانوێنی ژنانی خەباتگێڕی کورد”ناوی بابەتێکی دیکە بوو لە پانێلی سێیەم کە مووژگان عەلیپوور، ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان باسی لە سەر کرد.
موژگان عەلیپوور سەرەتا بە باس کردن لەسەر کەسایەتی و جێگە و پەنجەی دیاری ئەو دوو ژنە شەهید و تێکۆشەرە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و لەسەر کچان و ژنانی نێو ریزەکانی حیزب بۆ ئامادەبوان دوا.
عەلیپوور بە وەبیرهێنانەوەی کۆمەڵێک بیرەوەریی خۆی وەکوو ژنە پێشمەرگەیەک باسی لە خەمخۆری و دڵسۆزی ئەو دووژنە چالاک و پێشمەرگەدۆستە کرد.
مووژگان عەلیپوور لە درێژەی قسەکانیدا بە وەبیرهێنانەوەی هاوخەمی و هاوسۆزی بێوێنەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ کارەساتی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و شەهیدبوونی دوو ژنە چالاکی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، گوتی کە دوای ئەو کارەساتە شەهیدان سۆهەیلاو نەسیرین” بوون بە هێمای خۆراگریی ژنانی کورد و ئەو شانازییەش شیاوی سەرجەم ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردە کە لە هەموو بوارەکاندا سەرەڕای بەربەستەکان خەریکی تێکۆشانن.
شیاوی باسە بەشێکی بەرچاو لە کچان و ژنانی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشدارییان لەو سیمینارە کرد.