لە ماوەی ٢ ڕۆژی ڕابردوودا دوو لاوی كورد لە شارەكانی بۆكانو شنۆ خۆیان كوشت.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەكان كچێك بە ناوی “س، ك” خەڵكی شاری بۆكان نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممەی ئەم حەوتوویە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی كونكووری سەراسەری لە گەڕەكی فەرهەنگیانی ئەم شارە خۆی كوشت.
ناوبراو خۆی لە قاتی سێهەمی ماڵەکەیانەوە فڕێ داوەتەو كۆتایی بە ژیانی هێناوە.
ڕۆژی سێشەممەش لاوێكی دیكەی كورد لە گەڕەكی سەیداوێی شنۆ بە ناوی “ج، ر” كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بنەماڵە ناوبراو هۆكاری خۆكوژیی كوڕەكەیان نازانن. ناوبراو پێش ئەوەی كە خۆ بكوژێ تەلەفوونی بۆ كردوون بە پێی قسەی بنەماڵەكەی هیچ هەڵسوكەوتێكی جێی شکو گومانی لێ نەبینراوە كە شیمانەی خۆكوژیی لێ بكەوێتەوە.
لە ماوەی یەك مانگی ڕابردوودا ئەمە چەندەمین کەسە لە شاری شنۆ خۆی دەکوژێ.
بەردەوامیی خۆكوژی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە شارەكانی مەهاباد، بۆكان، سەردەشت، شنۆ و شارەكانی دیكەی كوردستان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە حاڵێك دایە كە تا ئێستا ناوەندە بەرپرسیارەکان لە هەمبەر ئەو بابەتە خەمسارد بوونو كاردانەوەیەكیان لە خۆیان پیشان نەداوە.