ئەمرۆ رێکەوتی ٢٤ی نوامبری ٢٠١٨ لەسەر راسپاردەی جەنابی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات بەرێز مەولوود سوارە بەهاورێیەتی کاک کیوان ڕەسولی بەشداری کۆنگرەی شوورای نەتەوەی هێزە خەباتکارەکانی ئەحواز (شورای میللی نیروهای مبارز احواز) یان کرد و لەم کۆنگرەیەدا نوێنەری حیزب لەبریتانیا پەیامی سکرتێری گشتی حیزبی پێشکەشی بەشدار بووان کرد.
ئەوەش دەقی پەیامەکەیە:
په‌یامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ کۆنگره‌ی شووڕای نەتەوەیی هێزە خەباتکارەکانی ئەحواز (شورای میللی نیروهای مبارز احواز)
به نوێنه‌رایه‌تی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوه، به‌بۆنه‌ی به‌ستنی کۆنگرهکەتان که به کۆنگره‌ی دەوڵەتی ئێران و جیناتە تێرۆریستییە بێ سنوورەکانی (دولت ایران و جنایتهای تروریستی فرامرزی آن) ناودێر کراوه، جوانترین پیرۆزباییتان پێ ده‌ڵێم و هیوادارم کۆنگره‌که‌تان به سه‌رکه‌وتوویی کۆتایی به کاره‌کانی بهێنێ و ئامانجەکانی وەدی بێنێ.
زۆر خۆشحاڵ ده‌بووم له نیزیکەوە بەشداری یه‌که‌مین کۆنگره‌ی دۆستانمان، شووڕای نەتەوەیی هێزە خەباتکارەکانی ئەحواز بوایەم، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌لومه‌رجی تایبه‌ت له کوردستان به‌داخه‌وه بۆم نه‌کرا حزووری ڕاسته‌وخۆم هه‌بێ. بۆیه نوێنه‌ری حیزبی دێموکراتی کوردستان له بریتانیا ڕاده‌سپێرم به نوێنه‌رایه‌تیی ئەمن و هاوڕێیانی ده‌فته‌ری سیاسی له کۆنگره‌که‌تاندا به‌شداری بکا و سڵاوی گەرمی ئێمه‌تان پێ بگه‌یه‌نێ.
دۆستانی به‌رێز!
دەبینین کە شووڕای نەتەوەیی هێزە خەباتکارەکانی ئەحواز بە تیشک خستنەسەر جیناتەتە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هیچ سنوورێکی نەناسیوە کۆنگرەی خۆی دەگرێ، وە بە حەق ئەمە دەربڕین و ئاماژەیەکی زۆر ڕاستە و لەجێی خۆی دایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر له‌و ڕۆژه‌وه کە هاتووەته سه‌ر کار به تێرۆر، گرتن، زیندانیکردن، ئه‌شکنجه و ئێعدامی خه‌باتکارانی خه‌ڵکی ئێران به تایبه‌تی له پێکهاته نەتەوەییەکانی ئەم وڵاتە وه‌ک کورد، عه‌ڕه‌ب، بلووچ و تورکه‌مه‌ن، جینایهتگەلی زۆر سامناکی خوڵقاندووه. ئەم ڕێژیمە باشترین تێکۆشه‌ڕان و ڕێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی ئێرانی تیرۆر و ئێعدام کردوه، به جۆرێک ده‌کرێ بڵێین تیرۆر و لەنێوبردنی ئێرانییه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی سنوور ته‌نیا گۆشه‌یه‌کی بچووکی جینایه‌تەکانی ئه‌م نیزامه‌یه. ئەم ڕێژیمە ئێستاش هه‌ر وا به شێوه‌یه‌کی نادێموکراتیک و سه‌ره‌ڕۆیانه به سه‌ر خه‌ڵكی به‌ڵالێدراوی ئێران‌دا حوکمەت ده‌کا و، لە سۆنگەی ئەم دەسەڵاتە سیاسییە نابەرپرسیار و دژی گەلییەوە؛ خه‌ڵکی وڵات بەرەوڕووی قەیرانی جۆراوجۆری سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و مه‌عیشه‌تی بوونەتەوە. سه‌روه‌ت و سامانی زۆر و زەوەندی ئێران له جێگای ئه‌وه‌ی بۆ ئاوه‌دانیی وڵات و خۆشبژێوی خه‌ڵکەکەی تەرخان بکرێ، خه‌رجی دەزگای سەرکوت و دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژ و قەیرانخوڵقێنی لە وڵاتانی ناوچە دەکرێ؛ سیاسەتێک کە لە نێوخۆی وڵات‌دا تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و بە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانیش گەورەترین مەترسیی هەر بۆ سەر ئەم خەڵکە درووست کردووە و دوور نییە لە سۆنگەی ئەم ڕەفتار و کردەوانەی ڕێژیمەوە ئێران بەرەو شەڕێکی ماڵوێرانکەری دیکە بچێ و به‌هۆی ئه‌وه خه‌ڵکی ئێران تووشی نه‌هامه‌تی و نائه‌منیی زیاتر ببن.
دۆستانی خۆشه‌ویست!
حیزبی دێموکراتی کوردستان که باوه‌ری ته‌واوی به مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لان هه‌یه، له پێناو مافی چاره‌ی خۆنووسینی خه‌ڵكی کوردستانی ئیران‌دا، زیاتر له 73 ساڵه تێ ده‌کۆشێ. درووشمی سه‌ره‌کیی حیزبی ئێمه ”دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له چوارچێوه‌ی ئێرانێکی دێموکراتیکی فێدراڵ‌دا”یە و، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له هه‌موو شێوه‌کانی خه‌باتی سیاسی، ڕێکخراوه‌یی، دیپڵۆماسی، جه‌ماوه‌ری و پێشمه‌رگانه که‌ڵك وه‌رده‌گرێ و جیددیترین پشتیوانی بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵک و چالاکیی مه‌ده‌نی له وڵاته. وە هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یەوه دهروانێتە جێگیرکردنی نیزامێکی دێموکراتیکی فیداراڵ له ئێران‌دا و دابینکردنی هه‌موو مافێکی نه‌ته‌وایه‌تی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی سەرجەم پێکهاته نەتەوەیی، دینی و مه‌زهه‌بی له‌م وڵاته‌دا و؛ به مافی ڕه‌وای هه‌موو ئەم نەتەوە و جۆراوجۆرییانەی ده‌زانێ خه‌بات و تێکۆشانیان بۆ مافەکانیان هەبێ. هه‌ر له‌م ڕوانگەیەشهوه به ڕێزه‌وه ده‌روانینه تێکۆشانی “شووڕای نەتەوەیی هێزە خەباتکارەکانی ئەحواز”. بۆیە داوای سه‌رکه‌وتنتان له خه‌بات و تێکۆشان بۆ ده‌کەم و، ئاره‌زوو ده‌که‌م خه‌ڵكی عه‌ره‌بی احواز لە سایەی خەباتی شێلگیر و مافخوازانەی خۆیاندا سەرجەم مافە نه‌ته‌وایه‌تی، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان وەدی بێنن.
هاوڕێیانی بەڕێز!
حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ گۆڕینی نیزامی نادێموکراتیکی ئێران و جێگیرکردنی نیزامێکی دێموکراتیک که تێیدا مافی هه‌موو پێکهاته‌کانی تێدا دابین کرابێ، ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه سیاسییه دێموکراتیکه‌کان هاوکاریی هەبێ، به تایبه‌ت له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌کانی پێکهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئێران و باوەڕمان وایە که یەکیەتی، هاوکاری و هاوپێوەندیی ئه‌و هێزانه زامنی چەسپاندنی دێموکراسی لە وڵات و دابینکردنی مافی پێکهاته‌کانه.
جارێکی دیکه‌ش به نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌ندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی به‌ستن و سه‌رکه‌وتنی کۆنگره‌تان لێ ده‌که‌م و سه‌رکه‌وتنتان بۆ به ئاوات ده‌خوازم.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
مسته‌فا مه‌ولودی
٢٤ی نوامبری ٢٠١٨