رۆژی پێنجشەممە لە ڕێوڕەسمێکی فەرهەنگیدا، ڕێز لە تەمەنێک خزمەت و تێکۆشانی مامۆستا قاسم موئیدزادە ناسراو بە مامۆستا “هەڵۆ” گیرا.
بە پێی هەواڵدەریی هاژە، رۆژی ١ی سەرماوەز بە ئامادەبوونی بەشێک لە شاعێران و نووسەران و خەڵکی ئەدەبدۆستی مەهاباد ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە مامۆستا “هەڵۆ” بەڕێوەچوو.
ئەوڕێوڕەسمە بە هاوکاری ئەنجومەنی”دانش آرای ادب” و ئیدارەی ئیرشاد و شوڕا و شارەداریی مەهاباد بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ٥ دەیە خزمەتی بەبایەخی قاسم موئیدزادە ڕێکخرا بوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا چەند کەس لە ئەدەبدۆستان و توێژەرانی بواری ئەدەبیات، باسیان لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی قەڵەمی مامۆستا “هەڵۆ”کرد و، هەر کامەو لە گۆشە نیگایەکەوە لێهاتوویی مامۆستا “قاسم موئێدزادە”یان یان خستە بەرباس.
لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمە مامۆستا قاسم موئیدزادە و، کەریم سۆفی ناسراو بە “تینووی مەهابادی” چەند پارچە شێعرێکیان پێشکەش کرد.
پاشان ١٨ شاعیری دیکەش بە خوێندنەوەی شێعر و پەخشانی خۆیان ڕێزیان لە خزمەت و هەوڵی مامۆستا “هەڵۆ”گرت.
دواتر فیلمێکی دیکیۆمێنتاری کە تایبەت بوو بە ژیان و سەربردەی هونەریی مامۆستا “هەڵۆ” پێشاندرا.
لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا هونەرمەند ئیبراهیم قادری بە هاوکاری گرووپی میووزیک و دوکتور فەرامەرز پوورعەلی چەند پارچە گۆرانی فۆلکلۆریکیان پێشکەش بەو یادە کرد.
لە کۆتاییدا مامۆستا قاسم موئیدزادە”هەڵۆ” وێڕای ڕێزگرتن لە هەوڵ و ماندووبوونی ڕێکخەران و بەشداربوانی ئەو کۆڕە فەرهەنگییە، ڕایگەیاند ؛ کە تاکوو ئێستا تەنیا بەرهەمێکی شێعری بڵاو کراوەتەوە بەناوی ” برووسکە” و بەرهەمەکانی دیکەی هێشتا لە چاپ نەدراون.