خەڵكی شاری مەهاباد ئەمساڵیش چاویان بە پڕۆژەی نوێ ناکەوێ.
سایتی “ڕوانگە” لە مەهاباد بە ئاماژە بە كۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ پووشپەڕ كومیتەی پلاندانانی شاری مەهاباد دەڵێ كە ئەمساڵ قەرار نییە هیچ پڕۆژەیەكی نوێ لە شاری مەهاباد دەست بەكار بێ.
جەعفەر كەتانی، فەرمانداری شاری مەهاباد لەم كۆبوونەوەیەدا گوتویەتی كە لە ساڵی ڕابردوو تەنیا سەدی ٦٣ی بوودجەی تەرخانکراو بۆ مەهاباد وەرگیراوە، ناوبراو ڕوونی نەكردەوە كە هۆكاری چییە کە لە ساڵی ڕابردوودا نەیانتوانیوە نیزیک بە نیوەی بوودجەی تەرخانکراو بۆ کاروباری ئاوەدانكردنەوەو خزمەتگوزاری لە شاری مەهاباد لە ئوستانداریی وەربگرن.
فەرمانداری مەهاباد گوتبووی ئەمساڵیش تەنیا کار لەسە ئەم پڕۆژانە دەکرێ كە سەدی ٨٠یان تەواو بووە و ماوەی ١٠ ساڵ و تەنانەت ٢٠ ساڵ و ٣٠ ساڵیشە دەستیان پێ كراوە.
ڕوانگە وێڕای دانە بەر ڕەخنەی ئەم بابەتە دەڵێ ڕاستە كە زۆر لە پڕۆژە نیوەچڵەكانی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد بەسەر دەستی ڕۆحانیدا ماونەتەوە، بەڵام ئەم میراتە لە شاری مەهابادو لە شارەكانی دیكەی كوردستان زۆر كەمتر بووە، چونكە دەوڵەتی پێشوو لەم ناوچانە كەمتر سەرمایەگوزاریی كردوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە پڕۆژەی پیتڕۆشیمیی مەهاباد، كە بە قسەی ڕەحمان بەهمەنێش نوێنەری پێشووی شاری مەهاباد لە مەجلیس، تەنیا دووكەڵەكەی بۆ خەڵكی ئەم ناوچەیەیەو بەرهەمەكانی بۆ خەڵكی دیكەیە، دوای تێپەڕبوونی ١١ ساڵ هێشتا شتێکی وای لێ نەبیندراوە و لەمەش گرنگتر بەڕێوەبەریی ئەم پڕۆژەیە لە ئەستۆی بەرپرسانی شاری مەهاباددا نەبووەو تەرخانكردنی بوودجەكەشی لە ئەستۆی ئەم شارە نییە.
پڕۆژیەكی نیوەچڵی دیكە شاری مەهاباد دروستكردنی پاڵاوگەیە كە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە چەندین ساڵ دەباو هێشتا سەدی ٢٠ی تەواو نەبووە. یەكێكی دیكە لە پڕۆژەكانی ئەم شارە كۆلێژی ناسراوی پیراپزیشكیی پێشوو و، زانستە مرۆییەکانی ئێستایە كە نزیك بە ٣٠ ساڵە کاری لەسەر دەکرێو كەمتر لە سەدی ٢٠ی ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ كراوە.
پڕۆژەی مەسكەنی مێهری، میراتی ناسراوی ئەحمەدی نژاد هەروەها بەردەوامە و هێشتا تەواو نەبوون و هێندێكیان تەنانەت بناغەكەشیان دانەندراوەو پڕۆژەکانی دیکەش کە بەرپرسانی ئەم شارە ئیدیعای دەكەن کۆمەڵە پڕۆژەیەکی بچووكن كە لە لایەن كەرتی تایبەت جێبەجێ دەكرێن.
بەم شێوەیە ڕوون نییە كە كام لەم پڕۆژانە سەدی ٨٠ی جێبەجێ كراوەو كە قەرارە ئەم ساڵ لە ئەولەوییەتەكانی بودجەو پلاندانی ئەم شارەدا بێ؟ واتە دەوڵەتی پێشوو كام پڕۆژەی لە مەهاباد بە نیوەچڵی جێ هێشتووە و دەوڵەتی ئێستاش كامیانی تەواو كردوە؟!
ڕوانگە دەنووسێ هەروەها لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هیچ پڕۆژەیەکی گەورە یان نیوەچڵ لەسەر بوودجەی دەوڵەت تەواو نەكراوەو هەموو ئەو پڕۆژانەی ئاوەدانكردنەوە كە لە ئاستی ئەم شارەدا ئەنجام دراون لە گیرفانی خەڵكو لە داهاتەكانی شارەداریی بووە