وەزیری ئابووریی فەرانسە وێڕای ئاماژە بە سەفەری وەزیری ئابووریو جێگری سەدری ئەعزەمی ئاڵمان بۆ ئێران، گوتی ئەم سەفەرە سەفەرێكی بەپەلەو هەڵنەسەنگێندراو بوو.
ئامانۆئێل ماكرۆن، وەزیری ئابووریی فەرانسە، وێڕای ئاماژە بە جەریمە قورسەکەی بانكی فەرانسەویی “بی. ئێن. پی. پاریبا” كە بەهۆی پێشێلكردنی گەمارۆكانی ئامریكا بەدژی ئێران لەم بانكە وەرگیرا، شیركەتە فەرانسەوییەكانی وریا كردەوە كە نابێ لە بابەت سەرمایەدانان لە ئێران پەلە بكەن.
وەزیری ئابووریی فەرانسە كە لە مەجلیسی نوێنەرانی ئەم وڵاتە قسەی دەكرد، لەم بارەوە گوتی: با بەم پەلەپەلەی دەیكەین، ساویلكەبوونی خۆمان نەسەلمێنین. ماكرۆن وێڕای بردنە ژێرپرسیاری هەر چەشنە هەوڵێك بەر لە جێبەجی كرانی ڕێككەوتنامەی ڤیەن، گوتی: من نامهەوێ هیچ بابەتو رووداوێکی دیكەی لە چەشنی “بی. ئێن. پی. پاریبا” دووبارە بێتەوە.
بانكی فەرانسەوی “بی. ئێن. پی. پاریبا” ساڵی ٢٠١٤ لە بابەت گواستنەوەی پارەی كڕیارانی سوودانی، ئێرانیو كووبایی لە ئامریكا لە ماوەی سالانی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٢ و پێشێلكردنی گەمارۆكان بڕی ٨ میلیارد و ٩٠٠ میلیۆن دۆلار سزا درا.
وەزیری ئابووریی فەرانسە وێڕای ئاماژە بە سەفەری وەزیری ئابووریو جێگری سەدری ئەعزەمی ئاڵمان بۆ ئێران گوتی ئەم سەفەرە سەفەرێكی بەپەلەو هەڵەشە بووە. ناوبراو پێداگری كردۆتەوە كە دەبێ سەرنج بدرێتە كاتدانانی ڕێككەوتنامەی ڤیەنو ناكرێ تا كۆتایی ئەم ساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتووی زایینی هیچ كارێك بكەن.
جێی باسە لۆران فابیووس، وەزیری دەرەوەی فەرانسە ڕایگەیاندووە كە حەوتووی داهاتوو سەفەرێك بۆ تاران دەكاو لە مانگی سێپتامبریشدا هەیئەتێك لە “مەدەف”، ڕێكخراوی خاوەنكارانی فەرانسەڕا بەرەو ئێران وەڕێ دەكەوێ.