مایکل ڕۆبین شرۆڤەکاری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ڕاوێژکاری پێشووی وەزیری بەرگریی ئامریکا لە کاروباری ئێران بە گۆڤاری” نشنال اینترست”ی ڕاگەیاند؛ بە لە بەرچاو گرتنی ئێرانی دوای مەرگی رێبەری نیزام، گۆڕانی ڕێژیم لەو وڵاتە حەتمییەوە ئەوەش هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ چوونەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی” بەرجام” و گەمارۆکانی ئەو وڵاتە بۆسەر ئێران نیە.
ئەو شرۆڤەکارە بە باس کردن لە دەسەڵاتی ڕەهای خامنەیی و هەلومەرجی نێوخۆی ئێران ، باس لە پێشهاتەکانی دوای مەرگی خامنەیی دەکات و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دوای نەمانی خامنەیی ئێران و کۆماری ئیسلامی تووشی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دەبێت.
مایکل ڕۆبین بە ڕەخنەگرتن لە کەمتەرخەمی و نەبوونی ستراتێژێکی روونی دەوڵەتی تڕامپ و دەوڵەتەکانی دیکەی ئامریکاش لە پێوەندیی لەگەڵ هەلومەرجی ئێران، بەتایبەتی لە ئەگەری مردنی خامنەیی لەو بارەوە دەڵێ: گۆڕانکارییەکان لە ئێران بەڕێوەن و هیچ پێوەندیی بە کشانەوەی دەوڵەتی تڕامپ لە “بەرجام” و سەپاندنی گەمارۆکان بۆسەر ئەو وڵاتە نیە. لە کاتێکدا بەرپرسانی ئامریکا قسە لەسەر باشترین شێوەی گۆڕانی رێژیمی کۆمار ئیسلامی دەکەن، کە نە دەوڵەتی تڕامپ و نە دژبەرانی ئامادەگییان بە نیسبەت گۆڕانی ئەو ڕێژیمە لە داهاتوودا نیە.
مایکل ڕۆبین دەڵێ: نەمانی خامنەیی، مەرگی کۆماری ئیسلامییە.
لەدرێژەی قسەکانی شرۆڤەکاری پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوین، مایکل ڕۆبیندا هاتووە: ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی ڕەها و بێسنووری هەیەو بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئێران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەو لە روانگەی “فقهـ”یەوە جێگری ئیمامی زەمانە و خاوەن دەسەڵاتێکی سیاسی و ئایینیە لە ئیران .
لە کاتێکدا دنیای دیپلۆماسی لە گەڵ بەرپرسانی هەڵبژێردراو وەکوو حەسەن روحانی و جەواد زەریف خەریکی دانوستانن، بەڵام ئەمە ڕێبەری پاوانخوازی ڕێژێمە کە قسەی ئەوەل و ئاخر دەکات و چارەنووسی خەڵکی ئێرانی بە بارمتە گرتووە.
لەبەشێکی دیکە لە قسەکانی مایکل ڕۆبین بە باس کردن لە ئەگەرەکانی دوای مەرگی خامنەیی کە بە نیزیکی دەبینێ، لەو بارەوە دەڵێ: مادام لە یاسای ئێران بۆ دیاری کردنی “ڕێبەر” کاتێکی تایبەت دەستنیشان نەکراوە، ئەگەری زۆرە کە لە بۆشایی مەرگی خامنەییدا هێزەکانی دیکە وەکوو سپای پاسداران کە زیاتر لە سەتای ٢٠ی ئابووریی ئێرانیان بەدەستەوەیە ببنە مەیداندار و، ئەگەر بەربژێرێک نەدۆزنەوە بۆ جێگرەوەی خامنەیی، ڕەنگە بەشێوەی شوڕایی ئێران ئیدارە بکرێ.
مایکل ڕۆبین لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرلەنوێ ڕوو بە دەسەڵاتدارانی ئامریکا دەڵێ؛ گۆڕانی ڕێژیم لە ئێران حاشاهەڵنەگرەو مەرگی خامنەیی نیزیکەو گۆڕانی ئەو رێژیمەش تەنیا بە پرسی ناوکی و بەرنامەی مووشەکی و دەستێوەردانەکانی ئەو رێژیمە لە ناوچە، نەبەستراوەتەوە بەڵکوو باس لە ئازادی نیزیک بە ٨١ میلیۆن خەڵکی ئێران و حکوومەتێکی بێزراوە بەناوی کۆماری ئیسلامییە.