سەرۆککۆماری ئێران لە کاتی سەردانی لە پارێزگای ورمێ، لە لایەن خەڵکی وەزاڵەهاتووی شاری “خۆی”، بە بەرد و دروشمی ناشیرین پێشوازی لێکرا.
رۆژی دووشەممە لە کاتی سەردانی حەسەن روحانی لە شاری “خۆی” سەر بە پارێزگای ورمێ ، بە هۆی ناکارامەیی دەوڵەتەکەی و جێبەجێ نەکردنی بەڵێنیەکانی لەگەڵ تووڕەیی خەڵکی ئەوشارە رووبەڕوو بووە.
بە پێی ئەو گرتە ڤیدیویە کە لە تۆڕکۆمەڵاتییەکان بڵاوکراوەتەوە، بەشێک لە خەڵکی ئەو شارە رۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر نەتەنیا ڕێگەیاننەدان حەسەن روحانی بەتەواوی قسەکانی بکا، بەڵکوو دواتر بەردبارانیان کردو، دروشمی دژ بە سەرۆککۆماریان گوتەوە.
هەروەها دەگوترێ رێژیم هەوڵی زۆری دابوو کە پێشوازیی خەڵکی پارێزگای ورمێ بەربەرین نیشان بدات و بۆ ئەو مەبەستەش لەسەرجەم شارەکانی دەروبەری شاری “خۆی”، خەڵکی هێنابوو بۆ پێشوازی.
بەڵام ئەوەی شاری خۆی نیشیاندەری ئەو ڕاستییەیە کە بەشی هەرەزۆری خەڵک، لە دەسەڵات و دەوڵەتی حەسەن روحانی بێزراون.
شیاوی باسە حەسەن روحانی لەگەڵ هەیئەتێکی پایەبەرز سەردانی پارێزگای ورمێ کرد و ناردنی دوو نوێنەری ئەمنیەتی وەکوو “یوونسی”و”عەلەوی” وەزیرانی پێشوو و ئێستای وەزارەتی ئیتلاعات بۆ شارەکانی بۆکان و مەهاباد ڕەخنە وگلەیی چالاکانی مەدەنی وسیاسیی کوردی لێکەوتەوە کە هێشتا روانگەی دەسەڵات بەسەر شارەکانی کوردستان نیگایەکی ئەمنیەتییەو هیچ گۆرانێکی بەسەر نەهاتووە.