بەپێی ڕاپۆڕتێک ئاگادارکراینەوە کە دامودەزگا ئەمنییەکان بەشێوەی جۆراوجۆر گوشاریان بۆسەر بنەماڵە و ناسیاوانی پێشمەرگەکانی دێموکرات زیادتر کردووە.
کەسێکی نیزیک بە بنەماڵەی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، خەڵکی ناوچەی کامیاران بە “کوردستان وکورد”ی ڕاگەیاند کە ناوەندە ئەمنییەکان وەکوو ساڵانی پێشوو زەبر و گوشارەکانیان بۆسەر بنەماڵەی پێشمەرگەکان دەسپێکردوەو، ڕێگە نادەن لەگەڵ کوڕ وکچانی پێشمەرگەیان پێوەندییان هەبێ.
ئەو هاووڵاتییە لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ: دوای کارەساتی ١٧ی خەرمانان و مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات ، خستنەژێرچاودێریی بنەماڵەی پێشمەرگەکان زیادتر بووەو ماوەی لەمەو پێش بە توندی هەڕەشەیان لە کەسوکاری ئەو پێشمەرگە کردووە کە نابێ لەگەڵ کوڕەکەتان لە پێوەندیدا بن و، ڕێگەیان نەداوە تەنانەت کەلوپەلی بۆ بنێرن.
هەروەها ناوەندە ئەمنییەکان بەبانگکردنی هاوڕێ و دۆستانی پێشمەرگەکان، لێپرسینەوەیان لێدەکەن و هەڕەشەیان لێدەکەن کە بە هیچ جۆر پێوەندییان نەبێ و، دەنا بە توندی سزا دەدرێن.