رۆژنامەنووسێکی ئیتالیایی کە لەم ماوەیەدا لە نیزیکەوە چاوی بە ئێران کەوتووە، بە تاووتوێکردنی بارودۆخی ژیانی بەشێک لە خەڵکی ئێران ڕایگەیاندوە؛ کە لە داهاتوودا ئێران هاوشێوەی “ونزوئلا”ی بەسەر دێ.
بەپێی ڕاپۆڕتی “کەیهان لەندەن” رۆژنامەیەکی ئیتالیایی ڕاپۆڕتێکی مەیدانی لە بارودۆخی ژیانی خەڵک و هەلومەرجی ئابووری و سیاسیی ئێران بڵاو کردوتەوەو هەڵسەنگاندنی بۆی کردووە.
“فرانچسکا” هەواڵنێری رۆژنامەی “لاستامپ”ی ئیتالیا، کە توانیویەتی ماوەیەک لە شاری تاران بژی و بەشێوەی مەیدانی ڕاپۆڕتێکی لە دۆخی خەڵک و، چەندین خاڵی پێوەندیدار بە گوزەران و دۆخی ئابووریی ئێران ئامادە بکا.
بەپێی هەمان ڕاپۆڕت، هیزە ئنتیزامییەکان تەنیا سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی خۆپێشاندان و جموجۆڵەکانن لە شاری تاران و، لاچوونی حیجابی ژنان لە شەقامەکانی تاران بەرەبەرە خەریکی ئاسایی دەبێتەوە، چون نیگەرانیی سەرەکیی هێزە ئنتیزامییەکان خۆپێشاندانەکانە کە هەرجارەو بە بیانوویەک سەرهەڵدەدا.
لە بەشێک لەو ڕاپۆرتە باس لە گرانی و هەڵکشانی نرخی کەلوپەکان دەکراوە، کە بەتەواوی گوشاری خستووتە سەر خەڵک و بۆتە هۆی بێهوایی و نائومێدی خەڵک لە دەسەڵات.
هەواڵنێری رۆژنامەی ئیتالیایی بە پرسیارکردن لە خەڵکی سەرشەقام، دوکاندار و کارمەند و خوێندکار، باس لە بشێوی ئابووری و سیاسیی ئێران دەکاو بێمتمانەیی خەڵک و دەوڵەت بەیەکتر، بە بەرچاوترین گرفت و کێشەی ئێستای ئێرانی لە قەڵەم داوە.
سەبارەت بە جموجۆڵە ناڕەزایەتییەکان بەتایبەتی سینفی بازاڕییان و دوکانداران لەو پێوەندییەدا دەڵێ؛ ئەگەر جاران بازاڕ پاڵپشتی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی بوو، ئێستاکە بازاڕییانی ئەو وڵاتەش پەیوەستبوون بە ناڕەزایەتییەکانەوەو هیوایان بە چاکبوونی دەسەڵات نەماوە و، ئاوا بڕواتە پێش چارەنووسی “ونزوئلا” بەرۆکی ئێران دەگرێ.
لە درێژەی ڕاپۆڕتی رۆژنامەی ئیتالیایی لە سەر دۆخی ژیانی خەڵکی ئێراندا هاتووە، کە بەشێک لە کەسانی بژاردەو هەڵکەوتووی نێو کۆمەڵگە بە نیگەرانییەوە سەرنجی ئێستاکەو داهاتووی ئێران دەدەن و، لەسەر ئەو باوەڕەن کە بەرەبەرە باڵی توندڕەی نێو ڕێژیم دەسەڵات دەگرێتەوە دەست و، ژیان بۆ خەڵکانی جیابیر بەرتەسکتر دەبێتەوە.
رۆژنامەی”لاستامپ” باس لەوە دەکا کە هێزە ئەمنی و ئنتیزامییەکان هەموو هەوڵیان ئەوەیە پێش لە بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانی بازاڕییان و مانگرتنی کامیۆنداران بگرن کە لە مانگی بەفرانباری ساڵی پارەوە ، دەستیپێکردوەو دۆخی ژیانی ئاسایی ئێرانی تێکداوە.
جێیئاماژەیە رۆژنامەی “لاستامپ” کە بەمانای چاپە، لە ناسراوترین و پڕفرۆشترین رۆژنامەکانی وڵاتی ئیتالیایە کە لە شاری تورین چاپ دەکرێ.