دوای دانپێدانانی محەممەد جەواد زەریف لە بارەی هەبوونی پارەسپیکردنەوە لە نێو سیستەمی ئابووریی وڵات، لە لایەن چەندین نوێنەری بناژۆخوازەکانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بۆتەوەو وتەبێژی دەزگای قەزاییش داوای ئاشکرای کردنی بەڵگەی لە وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە.
حەوتووی ڕابردوو محەممەد جەواد زەریف، لە وتووێژیک لەگەڵ “خبر آنلاین” گوتبووی “هۆکاری بەرەبەرەکانی لەگەڵ ڕەشنووسی پارەسپێکردنەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قازانجی دەیان هەزار میلیاردی هێندێک کەسی تێدایە و، هەربۆیە یاساکان لەو بارەوە جێبەجێ نابن.
هەروەها مەحموود سادقی نوێنەری شاری تاران لە بارەی گەندەڵیی ماڵی و سپیکردنەوەی پارە ڕایگەیاند: “ئێمە نموونەی زۆرمان لە پێوەندی لەگەڵ سپیکردنەوەی پارە لە وڵات هەیە، بە پێی ئامارێک کە لە لایەن سەرۆکی ناوەندی بەربەرەکانی لە گەڵ سپیکردنەوەی پارە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بڵاوبۆوەتەوە، لە ماوەی دووساڵی ڕابردوودا نیزیک بە ١٤ هەزار میلیارد تمەن، هەڵاتن لە داهاتانەو خۆدزینەوە لە باجدان بە دەوڵەت ڕوویداوە، کە لەلایەن ئەو ناوەندەوە وەکوو سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵیی ماڵی لەقاو دێتە ئەژمار.
لەو بارەوە غوڵامحسێن ئێژەیی جێگری یەکەم و وتەبێژی دەزگایی ئێران لە کۆبوونەوەی فڕاکسیۆنی نوێنەرانی “ولایی” نیزیک بە ڕێبەری ڕێژیم، قسەکانی زەریف ی بە “هەڵە و ناڕاست” ناوبرد.
حوسێن نەقەویی وتەبێژی فڕاکسیۆنی”ولایی” بە هەواڵنێرانی گوت؛ کە لەو کۆبوونەوەدا غوڵامحوسێن ئێژەیی ڕایگەیاندوە کە بە نووسینی نامەیەک بۆ جەواد زەریف ، داوای کردووە بەڵگەکانی لەو بارەوە بخاتە ڕوو.
ڕەخنەگرتن لە قسەکانی ئەم دواییانەی محەممەد جەواد زەریف لە بارەی سپێکردنەوەی سیتماتێکی پارە لە ئێران، لە یەکەم رۆژ بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە بەردەوامەو، کار گەیشتە کۆبوونەوەی مەجلیس.
محەممەد دێهقان نوێنەری چناران لە مەجلیس دەڵێ؛ جەواد زەریف بەو قسانەی ئابرووی نیزامی بردووە”
بە پێی هەواڵدەریی “تەسنیم” چەند کەس لە نوێنەرانی مەجلیس بە نووسینی نامەیەک بۆ لیژنەی بەڕێوەبەریی مەجلیس داواکاری ڕوونکردنەوەو لێپرسینەوەن لە وەزیری دەرەوەی ئێران و، بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی سێشەممە ٢٩ی خەزەڵوەریان دیاری کردووە.