لە سێزدەهەمین ڕۆژی مانگرتنی کرێکارانی کارگەی نەیشەکر”ی هەفت تەپە” خەڵکی شاری “شووش” بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی کرێکاران، لە شەقامەکانی ئەو شارە خۆپێشاندانێکی بەرینیان وەڕێخست.
کرێکارانی کارگەی “نەیشەکەر”ی ” هەفت تەپە” دەمێکە بەهۆی سپاردنی ئەو کارگەیە بە کەرتی تایبەت و هەروەها پێنەدانی مووچەی مانگانەیان، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە بەڵام تا ئێستاش دەوڵەت لە بەرابەر داواکاری کرێکاراندا بێدەنگ و بێ هەڵوێستە.
بەپێی ئەو فیلم و وێنانەی کە لە میدیاکاندا بڵاوکراونەوە، ژنان و پیاوان و مناڵانی ‘شووش” پێشان دەدا کە ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی کرێکارانی “هەفت تەپە” هاتوونە سەر شەقامەکان و دروشم دەدەن.
خۆپێشاندەران بە دروشمی جۆراوجۆری وەک” ئێمە خێرمان ناوێ،داوای مافی خۆمان دەکەین، مناڵی برسی، بە قسە تێر نابێ، کرێکار دەمرێ بەڵام زەبوونی قبووڵ ناکات، بەڵێنی بە درۆمان ناوێ، داوای مافی خۆمان دەکەین”.
شایانی باسە کە هەر لە پێوەندی لە گەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاراندا، کرێکارانی “گرووپی میللی سەنعەتی فولاد”ی ‘ ئەهواز” بۆ هەشتەمین ڕۆژ لە پێش دەرگای فەرمانداریی ئەو شارە کۆبوونەوە.
بەهۆی قەیرانی ئابووری و دارایی، گەندەڵی و بێکاریی و پێنەدانی مووچە، خەڵک وەزاڵەهاتوون و هەر ڕۆژە بەشێوەیەک دژی ناعەداڵەتی دێنە سەر شەقامەکان و داوای مافەکانیان دەکەن. دەوری دوویەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، بارودۆخەکەی خرابتر کردووە و کاربەدەستانی رێژیمی دەستەوەستان کردووە.