باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاند کە؛ بەهۆی گەمارۆکانەوە، ئاڵوگۆڕی کەلوپەل لە نێوان ئێران و عێراق دەست پێدەکا.
“ئیرەج مەسجدی” ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، لە کاناڵی ٢ی “سیما”ی ئێران گوتی کە دوای گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، پێشنیارێکی هاوبەش هەیە بۆ گۆڕینەوەی کەلوپەل لە نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق دا کە لەو ئاڵوێرەدا ئێران لە بەرابەر خۆراکدا، گاز دەداتە عیراق.
لەگەڵ ئەوەی کە هەواڵدەری “فارس”ی سەر بە سپای پاسداران پێشتر ئەو هەواڵەی ڕەت کردبۆوە،بەڵام باڵیۆزی ئێران ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە.
شایانی باسە کە ئەمریکا لە دەوری دوویەمی گەمارۆکاندا، ماوەی ٤٥ ڕۆژی بۆ عێراق دیاریکردووە تا بەرق و گاز لە ئێران بکڕێ.
لە گەڵ ئەوەی کە باڵیۆزی ئێران ڕایگەیاند کە پێوەندیی بازرگانیی لە گەڵ عێراق ١٢ میلیارد دۆلارە و قسە لەسەر ئەوە کراوە کە بگاتە ٢٠ میلیارد دۆلار، بەڵام بانکی ناوەندیی عێراق، لە بانکەکانی ئەو وڵاتەی قەدەغە کردووە کە ئاڵووێری پارە لەگەڵ ئێران بکەن و، هەروەها مامەڵەی دۆلار و ئێورۆی لەو بانکانەی لە گەڵ ئێران ڕاگرتووە.
گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئەو وڵاتەی تووشی کێشەیەکی جیددی کردۆتەوە و، ئێران لەگەڵ قەیرانێکی گەورە بەرەوڕوویە.
داهێنانی تایبەتیی یەکیەتیی ئوورووپا بۆ درێژەدان بە ئاڵووێری بازرگانیی لەگەڵ ئێران تا ئێستا بەکردەوە جێبەجێ نەکراوە کە قەرار بوو لەبەرابەر نەوتدا، کەلوپەل بدرێتە ئێران.