بە بۆنەی ١٧مین ساڵیادی کوشتنی بێبەزییانەی هونەرند و موریدی ناوداری ئایینی یارسان سەید خەلیل عالینژاد لە وڵاتی سوید، کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان ئەو کردەوە تیرۆریستییەیان وەبیری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هێنایەوە.
کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕوو بە کۆڕ وکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان لەسەر کوشتنی دڕندانەی هونەرمەند سەید خەلیل عالینژاد کە ١٧ ساڵ لەمەوپێش لە وڵاتی سوید کوژرا، وێڕای یادکردنەوە لەو هونەرمەندە، ڕەخنەیان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی گرتووە، کە بۆچی ڕاستییەکانی ئەو رووداوە دەشارنەوە؟
کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان دەڵێین: جیا لەوەی کە سەید خەلیل عالینژاد هونەرمەندێکی بەنرخ و کەسایەتییەکی ناسراو بوو لە بواری ئیخلاق و عیرفان و کەسێکی خۆشناو بووە لە نێوخەڵکی کوردی یارسان، هاووڵاتیی ئێرانی بووە! کە واتە دەوڵەتی ئێران لەو بارەوە بەرپرسیارەو، دەبێ بە پێی یاسای هاووڵاتیی بوون لە کوژرانی گوماناویی سەید خەلیل بکۆڵیتەوە، بەڵام بێدەنگی و خەمساردی کۆماری ئیسلامی دوای ١٧ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە گومانەکان زیاد دەکا کە هەر بە ویست و خواستی خۆیان بووە.
کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان پرسیاریان کردووە کە ئایا بێدەنگی ڕاگرتن لەو بارەوە نیشانە ڕەزایەتمەندی کۆماری ئیسلامی نیە لە تیرۆری سەید خەلیل عالینژاد؟
جێیوەبیرهێنانەوەیە کە هونەرمەندی کوردی یارسانی سەید خەلیل عالینژاد رۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٠ی هەتاویی بەرانبەر بە ١٨ی نوامبری ٢٠٠١ی زایینی لە شاری گوتنبرگی سوید بە زەبری چەقۆ کوژراو، پاشان خۆی پرچ و ڕیش وتەموورەکەی بە ئاگری دواکەوتوویی و داخراویی نێردراوانی کۆماری ئیسلامی سووتێندرا.
شیاوی باسە تیرۆری دژبەرانی سیاسی و عەقیدەتیی کۆماری ئیسلامی یەکێک بووە لە پیلان و بەرنامەکانی ئەو ڕیژیمە کە هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا چ لەنێوخۆ چ لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بەڕێوەی دەبات.