ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان!
لاوانی خوێندکاران و مافویست!
لە رۆژی ١٧ی نۆڤامبری 1939 لە وڵاتی چێک ٩ خوێندکار دەکوژرێن و ١٢٠٠ خوێندکاری تریش رەوانەی زیندانی نازیەکان دەکرێن و لەو کاتە بەدواوە یەکیەتی خوێندکارانی جیهان ئەو رۆژەی وەک رۆژی بەرگری و خۆڕاگری خوێندکاران لە دژی فاشیزم دیاریکرد و خوێندکاران لەسەراسەری جیهان لەو رۆژەدا چالاکی دەنوێنن و ئەو رۆژە دەکەنە دەرفەتێک بۆ سەرنج خستە سەر دۆخی سەرجەم خوێندکاران لەسەرتاسەری جیهان.
بێگومان دیاریکردنی رۆژێک لە رۆژەکانی ساڵ بۆ خوێندکاران نیشانەی ئەوەیە کە خوێندکاران لەدنیای ئەمڕۆدا لە توێژە گرنگ و سەرەکییەکانن و روخساری دنیای مۆدێرن و هێمای داهێنانن. زانستی سەردەم بەرهەمی هەوڵ و لێکۆڵینەوەی خوێندکارانە لە زانکۆکاندا و رۆژی جیهانی خوێندکار رۆژێکە کە تێیدا بانگەوازی رامان و هەوڵدانە بۆ ئافراندنی دنیایەکی نوێ و مۆدێرنتر بە پاراستنی ژیانی ئینسانەکان دوور لە شەڕ. دنیایەک کە لەسای پێشکەوتن و ئاڵوگۆڕی زانیاری و سۆشیال مێدیا و سوشیال نێتوۆرک بوەتە گوندێکی بچووک و هیچ رووداوێک و تراژێدیەک بە ئاسانی ون نابێت.
خوێندکارانی چەپ و رزگاریخواز!
زانکۆکان لە وڵاتە پێشکەوتوەکاندا ناوەندی سەرەکی پەروەردە و ئاڵوگۆڕی زانستن و زانکۆ و خوێندکار بوونە توخمی سەرەکی لە پێکهێنانی کۆمەڵگای هوشیار، بەڵام لە ئێران دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و داخستنی زانکۆکان بە بیانوی ئینقلابی فەرهەنگی، چوار دەیەیە کە خوێندکارانی ئێرانی و خوێندکارانی کورد لە بری ئەوەیکە لە پشت کورسیەکانی دانیشگاکان پەرە بە خوێندن و زانست و تواناکانیان بدەن، بەداخەوە بەهۆی سیاسەتی هەڵاواردن و بەتۆمەتی سیاسی لە لایەن رێژیمی حاکم بەسەر ئێرانەوە یان لە زیندان دان یان ئەوەی کە بێکاری و دۆخی نالەباری ژیان، ئاوارە و پەڕیوەی دەرەوەی وڵاتی کردوون.
داکۆکی لە ماف و بەرژەوندییەکانی خوێندکاران بەمەبەستی پێشکەوتنی بژێوی خۆش و پلەی بەرزی ئاکادێمی و ئامادەکردنی خوێندکاران بۆ وەستۆ گرتنی ئەرکەکانیان وەک شارۆمەندی دەروەست بۆ گەشەی کۆمەڵگا، لە ئەرکە سەرەکییەکانی دەوڵەتانە کە بەداخەوە دەوڵەتی حاکم لە ئێران پێچەوانەی هەموو ئەو بایەخانە دەجوڵێتەوە کە تاک و کۆمەڵگای هوشێار پێویستیەتی.
کارنامەی رەشی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی دەسەڵاتداریەتی ئاخوندەکان لە هەموو بوارەکاندا رەش بوە و لە بواری مافەکانی مرۆڤ و هەڵاواردنی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە بەشداری سیاسی و، هەروەها پڕکردنی زیندانەکان لە چالاکوانانی ژن و لاو و خوێندکار، سیگناڵێکی مەترسیدارە و سەپاندنی ئاشکرای دەسەڵاتی بەربەریەتە بەسەر ئێراندا.
خوێندکارانی مافویستی کورد!
ئێوە کە جارێک بە تاوانی کورد بوون و جارێک بەتاوانی دواکاری مافە سینفیەکانتان دەچەوسێندرێنەوە و رەوانەی زیندان دەکرێن و حوکمی ئێعدامتان بەسەردا دەسەپێ و شەقامەکانی رۆژهەڵات لەسایەی دەسەڵاتی ئیرتجاعی ئیسلامی پڕ بووە لە خوێندکاری بێکار و رۆژ نییە سینگی لاوێکی خوێندەوار لە سەر سنورەکان گوولە ئاژن نەکرێت و رۆژ نییە بیری خۆکوژی لاوان لە رۆژهەڵات و بەتایبەت لە پارێزگای ئیلام کارەسات نەخوڵقێنێ، جێی خۆیەتی لەجیاتی جێهشتنی نیشتمان لەو ساتە هەستیارەدا کە بەداخەوە بۆتە دیاردەیەکی مەترسیدار، کوردستان بەتەنیا نەهێڵنەوە و لەسەنگەری خەباتی فرە رەهەنددا چ لەمەیدانی مەدەنی و چ لە مەیدانی پێشمەرگایەتی دا خەباتی جەماوەری دژی رێژیمی ئێران بەگوڕتر بکەن، با نیشتمان نەبێتە مەیدانی تەراتێنی ئەو کەسانەی لە خاک و میللەتی خۆیان هەڵگەڕاونەوە و خەیانەت لە میللەتی خۆیان دەکەن.
ئێمە لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆمان بە پشتیوانی بێ ئەملاو و ئەملای ئێوە دەزانین و پێشمەرگە ئاسا و شانبەشانی یەک هەوڵدەدەین ئاوات و خەونی ئێوە وەدی بێت و ئێوەش لە نیشتمانێکی ئازاددا ژیانێکی سەربەرزانە ببەنە سەر.
لەکۆتاییدا بە وتەی شەهید سمایل شەریفزادە لاوی خوێندکاری دێموکرات کە دەیکوت:” ژیان لەناو کۆمەڵانی خەڵک و خەبات بۆ ئازادییان باشترین زانکۆیە ” جارێکی تر پیرۆزبایی رۆژی خوێندکارتان پێ دەڵێین و هیوادارین ئەو رۆژە ببێتە سیمبول و بۆنە بۆ نواندنی چالاکی و سێمینار و داهێنانی ئێوەی خوێندکار.
کۆمیتەی خوێندکاریی
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەلاتی کوردستان