لە کاتێکدا کە بەشێک لە مافناسان حوکمی دادگا تایبەتیەکانی “گەندەڵکارانی ئابووریی” بە نایاسایی دەزانن، بەشێک لە وتاربێژانی هەینی، وێڕای سپاس لە دەسەڵاتی قەزایی لە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان لەسەر دوو کەس لەلایەن دادگا تایبەتەکانەوە، داوایانکرد کە لەسەر ئەم بڕیارە بەردەوام بن و درێژەی پێبدەن.
“ڕەزا نووری” محەممەد ئیمامیی کاشانی، محەممەد شاهچراغی، ڕەسووڵ فەلاحەتی، عەلی شاهچراغی، محەممەد موختاری” وتارخوێنی شارەکانی “تاران، بجنوورد، سمنان، ڕەی، ڕەشت و بیرجەند” و چەند شارێکی دیکە داوایان کرد کە گەندەڵکاران لە سێدارە بدرێن.
شایانی باسە کە “وەحید مەزلوومین و محەممەد ئیسماعیل قاسمی” ڕۆژی چوارشەممە لە سێدارە دران کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ئەو کردەوەی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە قەڵەم دا.
پرۆسەی دادگایی و لە سێدارەدان تەنیا ٤٣ ڕۆژی کێشا و ” شێرین عیبادی” براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێڵ لە وتوێژێکدا لەگەڵ “ماڵپەڕی کەمپەینی مافی مرۆڤ” ڕایگەیاند کە پەلەکردن لە دادگا تایبەتیەکان و لە سێدارەدانەکان نایاسایین و ئەو هەڵوێستە بە مەبەستی بێدەنگ کردنی خەڵکی ناڕازییە.
جێی ئاماژەیە کە دوای قەیرانی بازاڕی دراوی ئێرانی، “عەلی خامنەیی” ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لە سەر پێشنیاری سەرۆکی دەزگای دادپەروەری، ڕازی بوو کە دادگای تایبەت بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی “گەندەڵکارانی ئابووریی” پێک بێ.
“داریوش ئیبڕاهیمیان بیلیندی، یونس بەهادینی و حەمید باقری” هەر لەو دادگا تایبەتانەدا حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ بڕاوەتەوە.
دوای ئەو بڕیارە، زۆر لە شیکاران ڕایانگەیاند کە ڕەنگە هەڵسوکەوتی ئەمنییەتی لە کورت ماوەدا پێشگیریی لە چوونەسەری نرخی دراو بکات بەڵام لە درێژماوەدا هیچ کاریگەریەکی نابێت هەروەک چۆن پێشتریش ئەو هەڵسوکەوتە نەیتوانی پێشگیریی لەچوونەسەری نرخی دراو بکا.