ناوەندە ئەمنییەکان دوای بەڕێوەچوونی خولی دوویەمی مانگرتنی مامۆستایان، دەستیان داوەتە دەسبەسەرکردن و بانگکردنی مامۆستایانی مانگرتوو.
بەپێی ڕاپۆڕتی شوڕای هاوئاهەنگی ڕێخکراوە سینفییە فەرهەنگییەکانی ئێران، بەشێک لە مامۆستایان و کارمەندانی مانگرتوو لە رۆژانی ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەری ٩٧ی هەتاویی لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکراون.
بە پێی هەمان سەرچاوە ناوەندە ئەمنییەکان لانیکەم ١٣ مامۆستایان دەسبەسەر و ٣٠ کەسی دیکەشان بۆ لێپێچینەوە بانگ کردووە.
لە خولی دوویەمی مانگرتنی سەرانسەریی مامۆستایانی ئێران کە لە زۆربەی قوتابخانەکانی ئێران و کوردستان بەڕێوەچوو، لە شارەکانی سەقز و سنەو مەریوان و دیواندەرە و مەهاباد و کرماشان، بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایان بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر بێ وڵام مانەوەی داواکاریەکانیان، دەستیان دایە مانگرتن و نەچوونە سەرکلاسی وانەگوتنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان دوای بەڕێوەچوونی مانگرتنی مامۆستایان، ناوەندە ئەمنییەکانی شارەکانی سەقز وسنە چەندین کەس لە مامۆستایانی بەشدار لە مانگرتنیان بانگ کردوەو لێپێچینەوەیان لێکردوون.
بە پێی ڕاپۆڕتی شوڕای هاوئاهەنگی ڕێکخراوە سینفییە فەرهەنگییەکانی ئێران، لە پارێزگای خوارسانی باکوور ٥ کەس لە مامۆستایان و ڕێکخەرانی مانگرتنەکان دەسبەسەرکراون.
هەروەها لە پارێزگای خوزستانیش دوو کەسی دیکە گیراون و دەگوترێ لە شارەکانی دیکەی ئێران وکوردستان بەشیکی زۆر لە مامۆستایان بۆ لێپرسینەوە بانگکراون.
شەپۆلی بانگ کردن و دەسبەسەرکردنی مامۆستایان لە کاتێکدایە کە شوڕای هاوئاهەنگی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایان ، لە بەیاننامەی خۆیدا رووبە ناوەندە پێوەندیدارەکان داوای ڕاگرتنی ڕەوتی سەرکوت و پەروەندەی ئەمنیەتی دروست کردن و ئازادی بێمەرجی چالاکانی سینفی مامۆستایانی کردبوو”
شیاوی باسە لە دوویەمین خولی مانگرتنی مامۆستایان کە لە رۆژانی ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بەڕێوەچوو،ئەو مانگرتنە زیاتر لە ٥٠ شاری ئێرانی گرتەوە.
جێوەبیرهێنانەوەیە کە بەشێک لە داوکاریی سینفی مامۆستایان بریتین لە: ئاوڕدانەوەی جیددی لە دۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان، ئازادکردنی هاوکارە دەسبەسەرکراوەکانیان، کۆتایی هێنان بە گەڵاڵەی مامۆستای تەواووەخت، فێرکاری و پەروەردەی دادپەروەرانەو کەشی پەروەردەی بەکەیفییەت ، جێبەجێکردنی ئەسڵی ١٥ و ٣٠ لە یاسای بنەڕەتی، سەرنجدان بە فەزای ئامووزشی نێو قوتابخانەکان و نەهێشتنی هەڵاواردن، کۆتاییهێنان بە پیلانی پەروەندەسازی ئەمنیەتی بۆ مامۆستایانی ناڕازی و ڕەخنەگر.