کاک مستەفا ئەنوشە ناسراو بە مستەفا مراد ڕەسووڵی کە کەسایەتییەکی دێموکراتدۆست و کوردپەروەرە بووە و هەروەها دەبێتە باوکی هاوڕێی تێکۆشەر خالید وەنەوشە، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هۆی نەخۆشییەوە رۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ٩٧ی هەتاوی ماڵاوایی لە ژیان کردووە.
کاک مستەفا مراد ڕەسووڵی لەئاوایی گردەقیت لەدایکبووە. کە بنەماڵەیەکی ناوداری ناوچەکانی شاروێران و سندووس و شامات و چۆمی مەجیدخان لە شارستانەکانی مەهاباد و نەغەدەن . بنەماڵەی مرادڕەسوول هەمیشە ئٶگری کوردایەتی بوونە و سەردەمی ئەرباب و رەعیتیدا یەکێک لەو بنەماڵانە بوون کە دژایەتی زوڵم و زۆردارییان کردووەو بۆ بەرگری لە ماڵ و سامانی خۆیان هیچ کات بێدەنگییان هەڵنەبژاردووە و، زۆر جاران کێشەو هەڵاو کۆچیان رووبەڕوو بۆتەوە. ناوبراو هەر لە هەڕەتی لاویەتییدا ئۆگری کوردایەتی و لایەنگری نیشتمانپەروەران بووە.
کاک مستەفا لە دەیەی چلی هەتاوییەوە لە ڕێگای کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتەوە بەشێوەی نهێنی کاری تەشکیلاتی خۆی دەسپێدەکا و لەگەڵ مەلا محەممەد خزری و شەهید مەلا برایم رۆستەمی و میرزا کەریم ڕەمەزانی و عەبباس رەمەزانی و مەلا مستەفاحەیرانی تێکەڵ بە تەشکیلاتی نهێنی حیزب بووە و، وەک ئەندامێکی دلسۆز، ئەرکی سەر شانی خۆی بەڕێوە بردووە. هەروەها لە دەی پەنجاکانیش پشتیوانی شۆڕشگیڕانی ئەو سەردەمە وەکوو ئەحمەد تەوفیق و سولەیمان موعینی و هاوڕێیانی بووە.
دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی کاک مستەفا بە هۆی ئەوەی کە خۆی کەسێکی چالاک و هەروەها کوڕەکەشی چەکی پێشمەرگانەی لە شان کردبوو، لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە کەوتە ژێر گوشارو ئەزیەت و ئازارەوە.
زیاتر لە دەجار زیندانیی کورتماوەو درێژە ماوە ی بەسەردا سەپێندراوە وبە بیانووی جۆراوجۆر لە لایەن ئەندامانی سپای پاسداران و بەکرێگیرانەوە خۆی و بنەماڵەکەی چەوساوەنەتەوە.
سەرەڕای هەموو ئەو ئازار و ئەزیەت و ڕەفتاری ناشیاوی ناوەندە ئەمنییەکان، کاک مستەفا ئەنوشە هەتا سەر وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان و تێکۆشەرانی دێموکرات مایەوەو لە ناوچەی شامات وەک کەسایەتییەکی دێموکرادۆست و پێشمەرگەویست و کوردپەروەر ناسرا بوو.
کاک مستەفا دوای تەمەنێک ژیان بەسەرفەرازی ئێوارەی رۆژی هەێنی لە تەمەنی ١٠٤ ساڵەیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە کەسوکاری سەرجەم پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، بە بۆنەی کۆچیدوایی کاک مستەفا ئەنوشە، پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خەڵکی ناوچەی شاروێران و سەرجەم بنەماڵەو بەتایبەتی هاوڕێ خالید وەنوشە دەکا و خۆی بە بەشدار لە خەمیان دەزانێ و هیوای سڵامەتییان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.