شوورای دێموکراسی خوازانی ئێران کە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانیش تێدا بەشدارە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ١٤ی نۆڤامبر لە پێوەندی لەگەڵ لەسێدارەدانی تۆڵە ئەستێنانەی چالاکانی مەدەنی ڕاگەێندراوێکی بڵاو کردووەتەوە. لە بەشێک لەو ڕاگەێندراوەدا وێڕای ئاماژە بە سیاسەتی سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هاتووە: هەڵاواردن و ستەمی دووقات بە دژی نەتەوەکانی ئێرانی لە ڕێگای گرتن و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و تۆڵەئەستێنانە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەرەو زیادبوون دەچێ.
لە بەشێک لە ڕاگەێندراوی شووڕای دێموکراسیخوازانی ئێراندا هەتووە: لە چەند رۆژی ڕابردوودا هەواڵی لە سێدارەدرانی ٢٢ چالاکی عەڕەبی ئەهوازی کە بە کۆمەڵ لە دوای ڕووداوی هێرش بۆ سەر ڕێژەی نیزامی ئەهواز لە ٢٢ی ڕەزبەر دەسبەسەر کرابوون، بڵاو بووەتەوە و بووەتە جێی نیگەرانی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و نەتەوەی عەڕەب لە ئێراندا.
شک لەوەدا نییە ئاشکرابوونی هەواڵی لەمچەشنە لە بەندیخانە ترسهێنەرەکانی ڕێژیم لە ئەهواز نیشانەی بوونی کەشی ترس و ئەشکەنجە و لێدان و کوتانە لە بەندیخانەکان. بەداخەوە تا ئێستا لە سێدارەدرانی چوار کەس کە دوو لەوان باوک و کوڕ بوون، پشتڕاست کراوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە: کوشتی چالاکانی سیاسی و مەدەنی نەتەوەکانی یەکسانیخواز بە بیانووی جۆراوجۆر و بەتایبەت لە ڕێی لەسێدارەدانی قیناوی و تۆڵەئەستێنانە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمەوە لە ئێراندا بووەتە شتێکی ئاسایی.
وەک چۆن ٥ ساڵ لەمەوبەر لە خەزەڵوەری ١٣٩٢ ، شازدە لاوی بەلوچ لەلایەن “محەممەد مەرزییە” دادستانی کۆماری ئیسلامی لە زاهیدانی بەلووچستانەوە بە فەرمی بە تۆڵەی کوژرانی ١٢ کەس لە پاسدارانی ڕێژیم کە لەشەڕ لەگەڵ چەکدارانی بەلووچ، لەسێدارە دران و نەک هەر تەرمەکانیشیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکرانەوە، بەڵکوو تەنانەت شوێنی بە خاک ئەسپاردنیشیان ئاشکرا نەکرا، ئێستاش لە ئەهواز هەمان جینایەت دووپات دەکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوایین ڕۆژەکانی ژیانی خۆی دایە و دواهەناسەکانی هەڵدەکێشێ، هەربۆیەش بۆ مان و بوونی خوی و درێژەدان بە دەسەڵاتە ڕەشەکەی ، دەست بۆ هەموو ستەم و جینایەتێک درێژ دەکات.
شووڕای دێمۆکراسیخوازانی ئێران وێڕای ئیدانەکردنی کردەوە جینایەتکارەکانی ڕیژیم زاڵ بەسەر ئێراندا، سەرەخۆشی لە کەس و کاری لەسێدارەدراوەکانی عەرەبی ئەهواز دەکات و دووپاتی دەکاتەوە تەنیا ڕێگای ڕزگاری لە چەنگ ئەو ڕێژیمە مرۆڤکوژە، یەکگرتوویی و خەباتی هەمەلایەنە و سەرانسەری خەڵکی ئێرانە بۆ ڕووخانی ئەو ڕیژیمە و ئەسپاردنی بە لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوویە.
شایانی باسە شوورای دیموکراسیخوازانی ئێران بێجگە لە حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دە حیزب و ڕێکخراوە دیکەی ئێرانی و کوردستانی پێکهاتووە کە بریتین لە:
بەڕەی دیمۆکراتیکی ئێران، جووڵانەوەی یەکگرتووی ستەملێکراوانی عەداڵەتخواز، کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، حیزبی دێمۆکراتیکی تەزامۆن ئەهواز، بەرەی یەکگرتووی بەلووچستان، حیزبی یەکگرتووی لۆرستان و کۆهگلیویە و بۆیرئەحمەد(لۆرستانات)، حیزبی خەڵکی بەلووچستان، ڕێکخراوی فەرهەنگی، سیاسی تورکەمەن سەحرا، ڕێکخراوی فەرهەنگی، سیاسی ئازەربایجان.