لە درێژەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرانسەریی کرێکاران، کارمەندان وکاسبکارانی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، کاسبکارانی جومعە بازاڕی “یاسووج” بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە چوونەسەری کرێ و بڕینی کارەبای شوێنی کارەکەیان، لە پێش پارێزگای ” کەهکیلوۆ و بوێر ئەحمەد” سفرەی بەتاڵیان ڕاخست.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری فارس سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم، یەکێک لە خاوەن ژوورەکان دەڵێ پێشتر زیاتر لە پێنج هەزار کەس بژێویی خێزانەکانیان لەو بازاڕە دابین دەکرد، بەڵام دوای ئاگرکەوتنەوە کارەبای شوێنی کارەکەیان بڕاوە. پێشتر کرێی شوێنەکانیان بۆهەر ٦ میتر ٧٠ هەزار تمەن بوو، بەڵام نرخی تازەی شوێنەکانیان بۆتە ٩٠ تا ١٢٠ هەزار تمەن. نزیک بە ٨٠٠ کەس لە کاسبکارانی جومعە بازاری یاسوج ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر بینای پارێزگای کەهکیلۆ و بوێر ئەحمەد سفرەی خاڵییان ڕاخست. ئەوان بە گۆڕینی شوێنی بازار و چوونە سەرێی کرێی شوێنی کارەکەیان لەلایەن خاوەن دووکانەکانی جومعە بازاڕ ناڕازیین.
شارەداری یاسوج بە هەواڵدەری تەسنیمی ڕاگەیاند: ناتوانین ئاگر کەوتنەوەی بازاڕەکە رەت بکەینەوە ،بەڵام باوەڕی کارناسان ئەوەیە کە بەهۆی کارەباوە ئەم ئاگر کەوتنەوەیە ڕووی داوە
جومعەبازاڕی یاسووج کە پێشتر ئاگری گرتبوو و شارەداری ئەو شارە هۆیەکەی بۆ شۆرتی کارەبا گەڕاندبۆوە، بە وتەی یەکێک لە کاسبکارەکان ئاگرتێبەردانەکە بە ئەنقەست بووە، بۆ ئەوەی کە شوێنی بازاڕەکە بگوێزنەوە. هەر بە وتەی ئەو کاسبکارە، زۆربەی ئەو کەسانەی کە لەو بازاڕە کار دەکەن، ژنانی بێ سەرپەرەست و ئەو گەنجانەن کە زانستگەیان تەواو کردووە و ئێستا بە دوای کاردا دەگەڕێن.