خوشکی شەهیدێکی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد. بە پێی ئەو هەواڵەی لە کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزبەوە بە دەستمان گەیشتووە، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر خاتوو ئایشەی خوسرەوی خوشکی پێشمەرگەی شەهیدی حیزب، سولەیمان خوسرەوی لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. خاتوو ئایشە وەک ئەندامی بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و دێمۆکرات دۆست، هەمیشە بەوپەڕی خۆشەویستی و ئۆگرییەوە پێشوازی لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دەکرد و هەمیشە هاوکاریان بوو. شایانی باسە هاوڕێ سولەیمانی خوسرەوەی لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا لە شەڕ و بەرگری لەگەڵ لەشکری خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای نێوان مەهاباد میاندواو لە ساڵی ١٣٦١ هەتاویی شەهید بوو.
بە بۆنەی کۆچی دوایی خاتوو ئایشە خوسرەوییەوە لە ناوەندی هەواڵی کوردکاناڵەوە سەرەخۆشی لە کەس و کارو بنەماڵەی بەڕێزی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.