ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری “سەقز” چالاکێکی مەدەنی بە ناوی ” ئەییووب جەوان پوور” بەتۆمەتی هاندانی فەرهەنگیان بۆ مانگرتن، بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرد. ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزڵوەر، لە زۆربەی شارەکان، مامۆستایان بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە بارودۆخی ژیانیان بۆ دووهەمین ڕۆژ نەچۆنە سەرکار.
لە دووهەمین ڕۆژی مانگرتنی مامۆستایان لە ئێران و کوردستان، هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی فەرهەنگیان بانگهێشتی ئیتلاعات و دەسبەسەر کرد. لەو پێوەندیەدا ڕۆژی ٣ی خەزەڵوەر، چالاکێکی فەرهەنگی بە ناوی “ئەییوب جەوان پوور” خەڵکی سەقز بانگهێشتی ئیتلاعات کرا و وێڕای هەڕەشە و گوشار لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرد.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی “کوردپا” ئەو چالاکە فەرهەنگییە بەتۆمەتی هاندانی فەرهەنگیان بۆ مانگرتن بانگهێشتی ئیتلاعات کراوە.
“ئەییوب جەوان پوور” ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بە تۆمەتی پشتیوانیی لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، لە لایەن دادگای “سەقز”ەوە بە لێدانی ٥٠ قامچی و یەک میلیۆن و هەشت سەد هەزار تمەن جەریمە مەحکووم کرا. ناوبراو ساڵی ڕابردووش بەتۆمەتی پشتیوانیی لە مانگرتنی سەرانسەری خەڵکی کوردستان دەسبەسەر کراوە.
شایانی باس کە هەر لەو پێوەندیەدا کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی، بەتۆمەتی هاندانی فەرهەنگیان بۆ مانگرتن بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت کراون.
ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ڕابردوو، ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەر لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان، مامۆستایان دەستیان دایە مانگرتن.