دوای تێپەربوونی نیزیک بە ٢٠٠ رۆژ لە هەستانی لافاو لە شارەدێی “پەسوێ”ی پیرانشار کە بۆ بە هۆی زەرەر و زیان گەیاندن بە خەڵکی ئەو شارەدێیە، تا ئێستا خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی ئەو رووداوە نیەو شەقام و کۆڵان و خانووی زیانلێکەوتووان ئاوەدان نەکراوەنەتەوە.
لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییەکی خەڵکی “پەسوێ” بە “کوردستان وکورد”ی ڕاگەیاند: دوای تێپەڕبوونی ٢٠٠ رۆژ لەو رووداوە سروشتییە هێشتا گازی نێوماڵی زۆربەی بنەماڵەکان پچڕاوەو هێشتا لوولەکەشی ئاو ناستانداردە، کە دوای هەستانی سێڵاو سیستەمی ئاوی ئەو شارەدێیە تووشی کێشە بووەو تا ئێستا چارەسەر نەکراوە.
ئەو هاووڵاتییە لەدرێژی ڕاپۆڕتەکەیدا دەڵێ: بەرپرسان وەکوو “فەرماندار، بەخشدار و دهیاری ناوچەکە” مەگەر نازانن ئەو خەڵکە لافاولێدراوە لە چ دۆخێکدا ژیان بەسەر دەبەن؟ خۆیان دەتوانن بەم سەرمایە بە تاقە سۆبەیەکی نەوتی تاقەت بهێنن؟
کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ناوەندی پێوەندیدار بە نیسبەت دۆخی ژیانی خەڵکی شارەدێی پەسوێ لە کاتێکدایە ، دوای ئەو رووداوە بەرپرسانی پارێزگای ورمێ، وادەو بەڵێنیان دابوو کە لە زووترین کات، کێشە وگرفتی خەڵكی لێقەوماو چارەسەر دەکەن و ،یارمەتی بێبەرانبەریان پێدەبەخشن.
بەڵام هێشتا مانگێک تێنەپەڕی بوو کە ئەو کەلوپەل و یارمەتییانەش کە لەلایەن خەڵکانی خێرخوازەوە کۆکرابوون، لە نێوان خۆدی بەرپرسان دابەش و، بەدەستی ئۆرگانە حکومییەکان تاڵانکران.
هاووڵاتییەکی دیکە لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند؛ دۆخی خەڵکی شارەدێی “پەسوێ” و لێقەوماوانی بوومەلەرزە لێدراوی کرماشان هاوشێوەن، کە خەڵکی بەشمەێنەت و لێقەوماوی کورد، لە دۆخێکی نالەباردا دەژین و ناوەندە حکومییەکانیش لەو بارەوە خەمساردن.
جێوەبیرهێنانەوەیە کە رۆژی ٦ی جۆزەردانی ئەمساڵ بە هۆی باران بارینێکی زۆر لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ، بە تایبەتی لە ناوچەی پیرانشار، لافاوێکی بەهێز هەستا کە بە هۆی ئەو سێڵاوەوە شارەدێی “پەسوێ” زیانی گیانی و ماڵی زۆری لێکەوت.
بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان ئەو لافاوە بڕی ١٤ میلیارد تمەن زیان و خەساری بە خانووبەرە و زەوییە کشت و کاڵییەکانی “پەسوێ” گەیاندووە.
دوابەدوای ئەو رووداوە بە هۆی پێرانەگەیشتنی شیاو لە لایەن دەوڵەتەوە،
چالاکانی مەدەنی دەستیان دایە بە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ زیان لێکەوتووانی ئەو لافاوە.