لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی داوای لە کاربەدەستانی دەزگای قەزایی ئێران کردووە کە لەسەر بارودۆخی سەدان دەسبەسەرکراوی عەڕەبی ئەهوازی ڕوونکردنەوە بدا، کە مافی گرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نیە.
لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیدا باسی لە شەپۆلی لە سێدارەدانی ئەم دواییانەی لە ئەهواز کردووە و، ڕایگەیاندووە کە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، چالاکانی عەڕەبی ئەهواز لە دەرەوەی وڵات بە لیبوردنی نێونەتەوەییان ڕاگەیاندووە کە ٢٢ کەس ، کە یەکێک لەوان ناوی “محەممەد موئمنی”یە لە سێدارە دراون.
لێبوردنی نێونەتەوەیی لە زمان ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند کە دوابەدوای هێرش کردنە سەر مانۆڕی سەربازیی هێزەکانی ڕێژیم لە ٣١ی خەرماناندا، ٦٠٠ کەس دەسبەسەر کراون.
لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند؛ کە لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بنەماڵەی “ئەحمەد حەیدەریی” لە ئێعدام کرانی ناوبراو ئاگادار کراونەتەوە و، پێیان ڕاگەیاندوون کە تەرمەکەی نادرێتەوە بە بنەماڵەکەی و هەقیان نییە پرسە و سەرەخۆشی بۆ دابنێن.
“غولامڕەزا شەریعەتی” هەواڵی لە سێدارەدانی دەسبەسەرکراوانی ڕەتکردەوە بەڵام “فلیپ لۆتێر” بەرپرسی لێکۆڵینەوەی باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕایگەیاند؛ کە لە کاتێکدا کە هیچ هەواڵێک لە سەر بارودۆخ و شوێنی دەسبەسەرکراون نیە، گومانی ئەوە هەیە کە لە سێدارە درابن و ڕەتکردنەوەی ئەو هەواڵە لە لایەن پارێزگاری “خووزستان” ەوە، هیچ دڵنیاییەک لەسەر ئێعدام نەکرانی دەسبەسەرکراون بە کەسوکاریان نادا.
لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای لە کاربەدەستانی ئێرانی کرد کە بەپەلە شوێنی دەسبەسەرکرانی ئەو گیراوانە ڕابگەیەنێ و، ئیزن بە پارێزەر و بنەماڵەکانیان بدات کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکەن.
شایانی باسە کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم ماویەدا زۆر کەسی دیکەش دەسبەسەرکراون.
لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی ١١ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند؛ کە دوای ئەو هێرشە سەرکوتکردنی بەربڵاوی چالاکانی سیاسی و نەتەوەیی لە پارێزگای خووزستان پەرەی سەندووە و سەدان کەس دەسبەسەر کراون.