ئەمڕۆ ٢٣ی خەزەڵوەری ٩٧ی هەتاوی مانگرتنی مامۆستایان لە ئێران و کوردستان پێنایە دوویەمین رۆژی خۆیەوە.
دوابەدوای بانگەوازی شۆرای ڕێکخستنی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایان لە ئێران، سەبارەت بە مانگرتنی گشتی لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەر، مامۆستایان و فەرهەنگییانی ئێران و کوردستان بە نەچوونە سەر کلاس و پۆلی وانە گوتنەوە، سەرلەنوێ ناڕەزایەتیی خۆیانیان ڕاگەیاند.
لە بانگەوازی شوڕای ڕێکخستنی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایانی ئێراندا هاتبوو: هەروەک هەموولایەک ئاگادارن بەڕێوەبەریی پەروەردەی ئێران لە گەڵ قەیران و کێشەی جیددی بەرەوڕوویە و، سێ دەزگای سەرەکیی ئێران، ئیرادە و نیازی چارەسەریی کێشەکانیان نییە و چاوپۆشی لە ویست و داخوازییەکانی مامۆستایان دەکەن و هەر بۆیە رۆژانی ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەر بۆ مانگرتنی سەرلەنوێ مامۆستایان دەستنیشان کراوە.
هەر بۆیە ئەمرۆ چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر دوویەمین رۆژ لە خولی دوویەمی مانگرتنی مامۆستایان و فەرهەنگییان بۆ چارەسەری کێشەکانیان بەڕیوەچوو.
بە پێی وێنەو هەواڵی بڵاوکراو لە کوردستان مامۆستایانی شارەکانی سنە و سەقز و دیواندەرو مەریوان و کرماشان، پەیوەستبوون بە مانگرتنی سەرانسەریی مامۆستایانی ئێرانەوە.
بەشێک لە داوکاریی سینفی مامۆستایان بریتین لە: ئاوڕدانەوەی جیددی لە دۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان، ئازادکردنی هاوکارە دەسبەسەرکراوەکانیان، کۆتایی هێنان بە گەڵاڵەی مامۆستای تەواووەخت، فێرکاری و پەروەردەی دادپەروەرانەو کەشی پەروەردەی بەکەیفییەت ، جێبەجێکردنی ئەسڵی ١٥ و ٣٠ لە یاسای بنەڕەتی، سەرنجدان بە فەزای ئامووزشی نێو قوتابخانەکان و نەهێشتنی هەڵاواردن، کۆتاییهێنان بە پیلانی پەروەندەسازی ئەمنیەتی بۆ مامۆستایانی ناڕازی و ڕەخنەگر.
جێیوبیرهێنانەوەیە لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ ی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ ، لە سەر بانگەوازی شۆڕای ڕێکخستنی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایانی ئێران و بەشێکی دیکە لە ڕێکخراوەکانی مامۆستایان، دەوری یەکەمی مانگرتنی سەرانسەریی مامۆستایان لە ٥٠ شاری ئێران و زۆربەی شارەکانی کوردستان وەڕێخرا کە لە ئاکامدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەیان کەسیان لە مامۆستایان دەسبەسەر کرد.