“عەلی ڕەبیعی” وەزیری کاری پێشووی ئێران ، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، لە کۆبوونەوەی ناساندنی وەزیری تازە، ئاماژەی بەوەدا کە سندووقەکانی خانەنشینیی ئێران مایەپووچ و ڕێژیمی ئیسلامی ڕووبەڕووی مەترسی کردۆتەوە و بۆ پێشگرتن لەو مەترسییە، داوای کرد کە بەپەلە چاکسازی بکرێ.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە گرینگترین شۆڕشەکانی وەک شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧، لە ئاکامی وەرچەرخانی جەماوەریی ڕوویداوە و ئێران ئەمڕۆ لە گەڵ ئەو وەرچەرخانە ڕووبەڕوویە و ئەوە سەرەڕای ئەوە کە نەداری و بێکاری و مایەپووچبوونی سندووقەکانی خانەنشینیشی هاتۆتەسەر.
“حەسەن شەریعەتمەداریی” وەزیری تازەی کار، لە کۆبوونەوە لەگەڵ “عەلی ڕەبیعی و ئیسحاق جیهانگیری” جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار ڕایگەیاند کە سەرچاوە داراییەکانی زیاتر لە ١٨ سندووقی خانەنشینیی وڵات لە داهاتی گشتیی دابین دەکرێن کە ئەمە کێشە خوڵقێنە.
ناوبراو ئیشارەی بەوە کرد کە سندووقی خانەنشینیی ئیدارەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی وڵات لە گەڵ کەمهێنانی بوودجە ڕووبەڕوویە و، بەشی گرینگی ئەو کورتهێنانەش هی ئەو قەرزانەیە کە دەوڵەت نایداتەوە بەو ئیدارەیە کە ئەو قەرزە لە ١٥٠ هەزار میلیارد تمەن تێدەپەڕێ و ئێستاش دەوڵەت توانای دانەوەی ئەو قەرزەی نییە و پێویستە ڕێگە چارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە.
وەزیری کار ئاماژەی بەوە کرد؛ کە زۆربەی شیرکەتەکانی ئەو دەزگایە زیانهێنەرن و، لە ئێستادا زیانەکانی ئەو شیرکەتە لە پارەی بیمە دابین دەکرێ و ئەم کارە خیانەتە لە ئەمانەتی سەرچاوەی بیمەی ئەو کەس و لایەنانە کە دەدرێتە ئەو دامودەزگایانەی کە ٥ لەسەد بەرهەمیان نییە.
دەوڵەتی حەسەنی ڕوحانی جەختی لەسەرە ئەوە کردەوە کە ٥٥ لە سەدی داهاتی نەوتی وڵات دەدرێتە خانەنشینان و لەگەڵ داڕمانی داهاتی نەوت بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر نەوت و دەزگای دارایی ئێران، مەترسی سندووقەکانی خانەنشینیی بۆتە یەکێک لە ئاڵوزترین کێشەکانی وڵات.