ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر خولی دوویەمی مانگرتنی مامۆستایان و فەرهەنگییانی خوێندنگەو قوتابخانەکانی شارەکانی ئێران دەستیپێکرد.
بە پێی وێنە بڵاوکراوەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەمرۆ سێشەممە بۆ جارێکی دیکە مامۆستایان لە قوتابخانەکان مانیان گرت و خوازیاری چارەسەریی کێشە سینفیەکانی خۆیان بوون.
جێیئاماژەیە نیزیک بە دووحەوتە لەمەوپێش شۆڕایی ڕێکخستنی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوی لە سەرجەم مامۆستایانی ئێران کردبوو کە مادام کێشەکان وەک خۆی ماوەنەتەوە و بەرپرسان هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەر کردن هەڵنەهێناوە، پێویستە کە درێژە بە مانگرتنی سەرانسەریی مامۆستایان بدرێ و، لە بانگەوازەکەدا داوا کراوە کە مامۆستایان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە وڵام نەدانەوەی داخوازییەکانیان، مان بگرن.
لە بانگەوازی شوڕای ڕێکخستنی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایانی ئێراندا هاتبوو: هەروەک هەموولایەک ئاگادارن بەڕێوەبەریی پەروەردەی ئێران لە گەڵ قەیران و کێشەی جیددی بەرەوڕوویە و، سێ دەزگای سەرەکیی ئێران، ئیرادە و نیازی چارەسەریی کێشەکانیان نییە و چاوپۆشی لە ویست و داخوازییەکانی مامۆستایان دەکەن و هەر بۆیە رۆژانی ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەر بۆ مانگرتنی سەرلەنوێ مامۆستایان دەستنیشان کراوە.
شیاوی باسە ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەر لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان مانگرتنی مامۆستایان دەستیپێکردووە.
دەوری دوویەمی مانگرتنی مامۆستایان لە کاتێکدایە کە دەزگا ئەمنییەکان هەروا خەریکی پەروەندەسازیی و سەرکوتی چالاکانن و لەمەش زیاتر تۆمەتی ئەخلاقی و ڕەوانیی دەدەنە پاڵ چالاکانی سینفی و هەروەها هێندێک لە نوێنەرانی مەجلیس بەشێوەیەکی ئاشکرا حاشا لە ناڕەزایەتیی دەربڕینی مامۆستایان دەکەن و بەشێوەیەکی توند هێرش دەکەن سەر مامۆستایان و بێرێزی و بوختانیان پێدەکەن.
جێیوبیرهێنانەوەیە لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ ی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ ، لە سەر بانگەوازی شۆڕای ڕێکخستنی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایانی ئێران و بەشێکی دیکە لە ڕێکخراوەکانی مامۆستایان، دەوری یەکەمی مانگرتنی سەرانسەریی مامۆستایان لە ٥٠ شاری ئێران و زۆربەی شارەکانی کوردستان وەڕێخرا کە لە ئاکامدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەیان کەسیان لە مامۆستایان دەسبەسەر کرد.